بۆ نکۆڵیکردن لە ڕیفراندۆم حەشدی شەعی پەنجەمۆر بە فەرمانبەران دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە ١٦/١/٢٠١٨، کاوە ئەحمەد، کارگێڕی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕايگەیاند: "لە کەرکووک فۆرمێک دابەش کراوە و دەبێت سەرجەم فەرمانبەران پڕی بکەنەوە و ڕەنگە بۆ داھاتوو ماڵ بەماڵ بگەڕین و پەنجە مۆری خەڵک وەربگرن تا ئەو فۆرمە پڕ بکەنەوە بۆ وەرگرتنی واژۆ لە خەڵک کە بەشداریان لە ریفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ نەکردبێت، ئەمەش بۆ ئەو مەبەستەیە کە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەو ریفراندۆمە کە بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام درا، وای پیشان بدەن کە وا نەبووە".
ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەوەشی خستەڕوو: "فشاری ئەم بابەتەش بۆ دوا رۆژە و دەیانەوێت پڕۆسەی ریفراندۆم بخەنە ژێر پرسیارەوە و ھەوڵ دەدەن پەنجە مۆری خەڵکێکی زۆر وەربگرن و پاشان ڕای بگەیەنن کە ئەوەی باسی لێوە کراوە و خەڵکێکی زۆر بەشدارییان کردووە لە پرۆسەی ریفراندۆم، دروست نییە، ھاوکات میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە ھەموو شێوەیەک فشار دەخەنە سەر خەڵک".
پۆلیسی کەرکووک بە نووسراوێک، قوتابخانەکانی کەرکووکی ئاگادار کردووەتەوە کە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان و نووسینی ناوی کوردستان لە قوتابخانەکان قەدەغەیە.
لە کەرکووک فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانە کوردییەکان دەرکراوە، ئەمەش بە ھۆی ئەوەوە بووە لە سەر ژمارەیەک لە قوتابخانەکان وێنەی ئاڵای کوردستان لە سەر دیواری قوتابخانەکان دروست کراون.
دوای سێ مانگ لە داگیرکردنی کەرکووک، لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە، ئەو میلیشیایانە لە تاوانەکانیان دژ بە ھاووڵاتییان لەو شارە بەردەوامن.
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی ٢٧/١٢/٢٠١٧ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنيوز
