مەحموود عوسمان: ھەر لایەنێک ھاوپەیمانی لەگەڵ عەبادیدا بکات تەنیا عەبادی سودمەند دەبێ

 مەحموود عوسمان: ھەر لایەنێک ھاوپەیمانی لەگەڵ عەبادیدا بکات تەنیا عەبادی سودمەند دەبێ
سیاسەتمەدارێکی کورد، ئاماژە بەوە دەدات، کە لەم دۆخەی ئێستادا ھەر لایەنێکی کوردی بیەوێت بە تەنیا شتێک بکات ئەوا زیانی بۆ کورد دەبێ، ھەروەھا ئەگەر بیانەوێت لەگەڵ عەبادیدا ھاوپەیمانی بکەن ئەوا، تەنیا ئەو سوودمەند دەبێت.

د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، ڕایگەیاند: "ئەگەر ھەر کەسێک بتوانێت ئەو دۆخەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەگوزەرێ، چارەسەر بکات، مادەی 140ی دەستووری جێبەجێ بکات و بە پێی دەستوور ئیدارەی ھاوبەش لەو ناوچانە دروست بکات و ئەو حوکمە سەربازییەی ھەیە نەیھێڵێ، دەتوانین ھاوپەیمانی لەگەڵ بکەین، بەڵام بەم دۆخەی ئێستاوە ئەگەر ھاوپەیمانێتی لەگەڵ عەبادی بکرێت، تەنیا ئەوە سوودی لێ دەبینێت و بۆ کورد ھیچ سوودی نابێت".

ئەو سیاسەتمەدارە، بە پێویستی دەزانێت لایەنە کوردستانییەکان لەسەر ئەو بە یەکەوە بابەتە گفتوگۆ بکەن و یەک ھەڵوێستیان ھەبێ، چونکە ئەوە دۆزێکی نەتەوەییە و پەیوەندی بە کوردەوە ھەیە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە حکوومەتی عێراق لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر گرتوویەتی، ئەوەش لەبەر ئەوەی کە لایەنە کوردییەکان یەکگرتوونین و ھەریەک بە جۆرێ مامەڵە دەکات.

لەبارەی ھاوپەیمانی لایەنە کوردییەکان، لەگەڵ لیستی عەبادی، مەحموود عوسمان، ئاشکرای کرد: "ھاوپەیمانیم لەگەڵ عەبادی لا گرنگ نییە، ھەر کەس کێشەی کوردی چارەسەری کرد، ھاوپەیمانی لەگەڵ دەکەین، جا مالیکییە یان عەبادی یا ھادی عامری، بەڵام گەر کێشە چارەسەر نەکرێ ھاوپەیمانی بۆچی دەکەی؟، لەگەڵ ئەوەشدا ھەر لایەنێک لەم دۆخەی ئێستا بیەوێت شتێکی لەو جۆرە بکات، ئەوا خراپە و زیانی بۆ کورد دەبێ، چونکە نیوەی ناوچە کوردستانییەکان لە ژێر دەستی عێراقدایە و بەبێ ئەوەی دەستوور جێبەجێ بکرێ و ئیدارەی ھاوبەش دروست بکرێت".

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە، لە بارەی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، گوتیشی: "ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر برینێکە خۆمان دروستمان کرد، بەدڵنیاییەوە ئەگەر ھەموو لایەنە کوردستانییەکان ھەوڵنەدەین و جدی نەبین، ئەوا چارەسەر کردنی زۆر زەحمەتە".











باسنیوز
Top