عەبدوڵای کوێخا موبارەک ھەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە لاهوور جەنگی دەکا

 عەبدوڵای کوێخا موبارەک ھەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە لاهوور جەنگی دەکا
بەھۆی کوژرانی ئامۆزایەکییەوە لەلایەن ھێزێکی دژە تیرۆر کە لەلایەن لاھوور جەنگییەوە بۆ چەمچەماڵ نێردراوە، عەبدوڵای کوێخا موبارەک، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی و بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان، ھەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات.



بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کەسێکی نزیکی بنەماڵەی عەبدوڵای کوێخا موبارەکەوە ، بنەماڵەی کوێخا موبارەک چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە دوای تەواوبوونی پرسەی (بێستوون نازم حەمە سلێمان) کە بەھۆی پێکدادانێک لەگەڵ هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گیانی لەدەست داوە، لە ماڵی کەسایەتییەکی دیاری شارۆچکەی چەمچەماڵ بە ناوی (کەریم ئاغای ھەمەوەند) کۆ ببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشەکە بکەن.

ھەر بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست کەتووە، عەبدوڵای کوێخا موبارەک، ئامۆزای کوژراوەکە، نیگەرانە لەو ڕووداوە، بە جۆرێک لەبەرامبەر خوێنی ئامۆزاکەی، ”هەڕەشەی هەموو جۆرە تۆڵەکردنەوەیەک“ی کردووە، بەڵام بە ھۆکاری ئەوەی جارێ پرسەیان ھەیە، کاردانەوەی نیشان نەداوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە کادیر نازم حەمە سلێمان، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە و کادیری پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "ھێزەکەی لاھوور جەنگی لەگەڵ سوپای عێراقدا ڕێککەوتنیان کردووە و ئەوکاتەی کە ڕێگری لە گواستنەوەی بەندکراوەکان کراوە، دژە تیرۆر پەیوەندییان بە لاھوور جەنگییەوە کردووە و ئەویش ھێزێکی فراوانی بە چەکی قورسەوە ناردووە، کاتێکیش ھێزەکە نزیکی گرتوخانەکە بوونەتەوە، تەقە لە براکانی ئێمە کراوە، بەداخەوە بەھۆی تەقەکانی دژە تیرۆرەوە برایەکی ئێمە شەھید بووە و دوو برای دیکەمان بریندار بوون".

پێشتر عەبدوڵای کوێخا موبارەک لەگەڵ لاهوور جەنگی ناکۆکییان لە نێواندا هەبووە و تەنانەت جارێکیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یەکێتییەوە بە فەرمانی لاهوور جەنگی دەستگیر کراوە.









باسنیوز
Top