کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا و وەزیری دارایی کۆ بوونەوە

 کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا و وەزیری دارایی کۆ بوونەوە
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا و وەزیری دارایی کۆ بوونەوەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 16/1/2018، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە ، تێیدا باس لەوە کراوە، کە ئەمڕۆ دۆمەنیک ماس، کونسوڵی گشتیی کۆماری فەڕەنسا سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد و لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری، دەسپێکردنی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدایان تاوتوێ کردووە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە لە سەرەتای کۆبوونەوەکە دۆمەنیک ماس، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری فەڕەنسا باسی لە ڕۆڵی فەڕەنسا کرد لە نێوەنگیریی ھەولێر و بەغدا و ھەنگاوەکانی ئەو وڵاتە گرتوویەتییە بەر بۆ دانوستانی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

ئاماژە بەوەش کراوە، رێباز حەملان سوپاسی کۆماری فەڕەنسای کرد کە لە ڕابردوو و ئێستاش دۆستی کورد بووە و ھەنگاوی گرنگی ناوە بۆ دەسپێکردنەوەی دانوستانی نێوان ھەولێر و بەغدا.

وەزیری دارایی و ئابووری لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باسی لە کۆبوونەوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی شاندەکانی ھەولێر و بەغدا کرد بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان، ھەروەھا بە پێویستیشی زانیوە کە کۆبوونەوە لەسەر مووچەی فەرمانبەران بکرێت.

وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیاندراوەکەدا ڕوونیشی کردووەتەوە، کە ڕێباز حەملان ڕای گەیاندووە: "ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ڕیفۆرمی جددی ھەیە بۆ ئەوەی مووچەخۆری ڕاستەقینە ھیچی تر نەبنە قوربانی ئەو کەسانەی بە ناڕەوا مووچە وەردەگرن و بۆ ئەمەش ھەنگاوی گرنگ دەنێین".












باسنیوز
Top