بەهۆی حەشدی شەعبییەوە لە كەركووك و خورماتوو دەیان دەزگای ڕاگەیاندن داخراون و ڕۆژنامەنووسانی کورد لە کەرکووک و خورماتوو گیانیان لە مەترسی دایە"

 بەهۆی حەشدی شەعبییەوە لە كەركووك و خورماتوو دەیان دەزگای ڕاگەیاندن داخراون  و ڕۆژنامەنووسانی کورد لە کەرکووک و خورماتوو گیانیان لە مەترسی دایە
پەیمانگای ڕاگەیاندنی بێستوون، پێشیڵكارییەكانی دژ بە رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لە كەركووك و خورماتوو خستە ڕوو.



ئەمڕۆ سێشەممە 16/1/2018، لوقمان شێروانی، سەرۆكی پەیمانگەی ڕاگەیاندنی بێستوون، لە پرێس كۆنفرانسێكدا ئەو پێشێلكارییانەی خستە ڕوو كە لە بەرامبەر كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە كەركووك و خورماتوو كراوە و تێیدا ڕای گەیاند: "ئەو پێشێلكارییانەی كە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە خورماتوو ڕوویان داوە، بریتین لەوە كۆمەڵێك ئامرازی ڕاگەیاندن لە خورماتوو كە خۆیان لە كەناڵەكانی بینراو و بیستراودا دەبیننەوە و ئێستا داخراون، هاوكات ئەو كەناڵانە لەوێ تاڵان كراون و دواتر سووتێنراون، ئەمانەش پێچەوانەی یاسا و دەستوری هەمیشەیی عێراقە".



لوقمان شێروانی گوتیشی: "ژمارەی رۆژنامەنووسەكان لە خورماتوو 60 رۆژنامەنووس و 40 كارمەندی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنیش هەبووە و ئێستا كارەكانیان لەدەست داوە و ژمارەیەكی زۆر لە چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنیش بە هەمان شێوە ئێستا ناتوانن لەوێ كار بكەن و ئاوارەن و ماڵەكانیان لێ تاڵان كراوە، یان سووتێنراون و بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشیان لێ كراوە و هاوكات لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە لە خورماتوو داوا کراون".



سەرۆكی پەیمانگەی ڕاگەیاندنی بێستوون، ئاشكرای كرد كە لە كەركووكیش ئەو پێشێلكارییانە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان كراوە و لەو شارە كەلوپەلی یەكێك لە كەناڵەكان تاڵان كراوە و یەكێك لەو كەناڵانەش ڕێگایان پێ نادرێت كارەكانیان بكەن و لە كەركووك و خورماتوو حەوت ڕادیۆ داخراون.



ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە داقووقیش یەك حاڵەتی تیرۆركردنی رۆژنامەنوس هەیە كە ئەویش ئەركان شەریف، پەیامنێری کەناڵی (كوردستان تیڤی) بوو و هاوكات هەوڵی تیرۆركردنی رۆژنامەنووسانی تریش هەبووە.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".



ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
Top