کامیل ژیر لەبارەی خەڵاتەکەی ئاڵا تاڵەبانی: دوژمن خەڵات بە کەسێک دەدا نۆکەری بۆ بکا

 کامیل ژیر لەبارەی خەڵاتەکەی ئاڵا تاڵەبانی: دوژمن خەڵات بە کەسێک دەدا نۆکەری بۆ بکا
نووسەر و سیاسەتمەدارێکی کوردڕەخنە لە حزب و پەرلەمانتارانی کورد دەگرێت و دەڵێت دوژمن خەڵات بە کەسێک دەدات کە نۆکەریی بۆ بکات.



کامیل ژیر، سیاسەتمەدار و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری حزبی کاژیک، ڕاگەیاند: "حزبەکانی کوردستان، لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمان لە بەغدا نەماونەتەوە، بەڵکوو دوای بەرژەوەندیی باڵای حیزبەکەی خۆی کەوتووە“.



لەبارەی ئەوەی بۆچی ئاڵا تاڵەبانی، بەردەوام خەڵاتی ڕێزلێنان لە بەغداوە وەردەگرێت، کامیل ژیر، ئاماژەی بەوە دا: "من نازانم ئاخۆ ئاڵا تاڵەبانی، خەڵاتی وەرگرتووە، یان بە پێچەوانەوە، ڕەنگە ھەندێک پەرلەمانتار ھەبێت کە کاری جوانی کردبێت، بەڵام دوژمن خەڵات بە کەسێک دەدات کە نۆکەریی بۆ بکات".



کامیل ژیر، باسی لەوەش کرد: "بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نیم کە کورد لە بەغدا پەرلەمانتاری ھەبێت، چونکە ئەگەر سەرنج بدەین، لە ساڵی 1921ەوە پەرلەمانی عێراق ھەیە و لەو کاتەوە کورد پەرلەمانتاری ھەیە لە بەغدا، بەڵام بای یەک فلس ڕۆڵیان نەبووە و خزمەتی کوردیان نەکردووە، تەنیا ئەوە نەبێت، مانگانە مووچەیەکی باشیان وەرگرتووە و ھیچی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا بە درێژایی مێژوو نەمانبینی پەرلەمانتارێکی کورد ھەڵوێستێکی ئیجابی ھەبێت، بۆیە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا شتێکی زیادەیە".



ئەو قسانەی کامیل ژیر دوای ئەوە هات کە دوێنێ دووشەممە 15/1/2018، ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بە لایەنگرییە سەرسەختەکەی بۆ عێراقی عەرەبی ناسراوە، وەک باشترین پەرلەمانتاری 2017 خەڵاتی پێ درا.




باسنیوز
Top