سلێمانی.. ساڵ رابردوو زیاتر لە 42 ھەزار نەشتەرگەری کراوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانی ئاماری 2017ی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی ڕاگەیاند.
ەمڕۆ دووشەممە 15/1/2018، ھێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا، ئاماری کارو چالاکی بەڕێوەبەریەتییەکان لە ساڵی 2017 ئاشکرا کرد و ڕای گەیاند: "لە نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی 42 ھەزار و 358 نەشتەرگەری جۆراو جۆر بۆ نەخۆشەکان کراوە".
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو، کە لە ساڵی 2017 ھەزار و 187 کەس بە ھۆی جەڵتەی دڵ و ھەزار و 614 کەسی دیکەش بە ھۆی جەڵتەی دەماغەوە سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.
ئاشکرای کرد، کە زیاتر لە یەک ملیۆن نەخۆش بەمەبەستی چارەسەر وەرگرتن سەردانی نەخۆشخانەکانی پارێزگای سلێمانیان کردووە، ھاوکات 803 حاڵەتی گیان لەدەست دانی جۆراو جۆر لە نەخۆشخانەی پزیشکی دادوەری سلێمانی تۆمار کراون.
لەو پرێس کۆنفڕانسەدا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، گوتیشی، لە ساڵی 2017دا بە ھۆی پێوەدانی مارەوە سێ کەس گیانیان لە دەست داوە و یەک حاڵەتی ڕەقبونەوەی مرۆڤ ھەبووە بە ھۆی سەرماوە.
bas news-
