شارباژێڕ.. گرێبەستی مامۆستایان نوێ دەکرێتەوە
بەڕێوەبەراتیی پەروەردەی شارباژێڕ، گرێبەستی ژمارەیەک لە مامۆستایانی سنووری پەروەردەکەی بۆ ساڵێکی دیکە نوێ دەکاتەوە.
راوێژ عەتا، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەراتیی پەروەردەی شارباژێڕ، راگەیاند:"لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، رەزامەندی بۆ ئەوەی گرێبەستی 45 مامۆستای ئامادەیی کە بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان ھەیە تا ساڵێکی تر نوێ بکرێنەوە، دەبڕاوە و بڕی مووچەیان (500) ھەزار دینارە".
بەرپرسی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەراتیی پەروەردەی شارباژێڕ، ئەوەشی خستە روو: "داواکارین کە ئەو مامۆستا گرێبەستانەی ناوەکانمان بڵاو کردوونەتەوە، سبەینێ سێشەممە رێککەوتی 16/1/2018 سەردانی بەشی یاسای بەڕێوەبەرایەتیمان بکەن، بەمەبەستی نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان و ئەنجامدانی کاروبارە یاسایی و ئیدارییەکانی پەیوەست بەو کارەوە".
ئاشکراشی کرد: "پێویستە مامۆستای گرێبەست خۆی ئامادە بێت و کۆپی پێناسی باری شارستانی لەگەڵ خۆی بێنێت، بەڵام ھێشتا ژمارەیەک لەمامۆستایان ناویان نەھاتۆتەوە، بۆ ئەوەش چاوەڕوانی ڕەزامەندی وەزارەتی پەروەردە و دارایی ئەکەین تا گرێبەستی ئەوانیش نوێ بکرێنەوە".
bas news-
