ئەردۆگان: بە ئیزنی خوا بەم زووانە سوپامان چارەی عەفرین دەكات
رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند بە ئیزنی خوا، لە ماوەیەکی کەمدا، سوپای تورکیا پرسی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان و منبج چارەسەر دەکات. ئامادەکارییەکانمان تەواو بوون، هەر ئانوساتێک دەشێت دەست پێ بکات. دواتر دەچنە شوێنەکانی تریش.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ئەردۆگان لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارگەیەک لە شارۆچکەی سینجانی سەر بە ئەنقەرە وتارێکی پێشکەش کرد و کاردانەوەی دژی ھەوڵی ئەمریکا لەمەڕ دامەزراندنی سوپایەک لە پەیەدە- پەکەکە لە سووریا نیشان دا و گوتی "بەشێک لە سووریا لەسەر سنوور ھەڕەشەمان لێ دەکەن. دەیانەوێ تورکیا گۆشەگیر بکەن. پەیەدە و یەپەگە و داعش و ھەر چییەک بێ ھەڵدەکوتینە سەریان".
ئەردۆگان گوتیشی "ئێستە بە تۆپخانەکان لێیاندەدەین، بەردەوامیش دەبین. چاوەڕوانن ئێمە خۆمان بە قاوغەکەی خۆماندا بکەین و ئێوە لێمان بدەن؟ ئێمە پێشنیازمان کرد بۆیان کۆتایی بەم رێکخراوە تیرۆریستییانە بھێنرێت. ئێمە گوتمان ھەرگیز قبووڵی ناکەین رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە رێکخراوێکی دیکەی تیرۆریستی لەناوببرێت. ئەگەر ئێمە ھاوبەشی مۆدێلی ستراتیجی بین، پێویستە ئەم کار لەگەڵ ئێمەدا بکەن".
ئەردۆگان هەروەها رایگەیاند "وڵاتێک کە ئێمە بە ھاوپەیمان ناوی دەبەن، سەرەڕای گشت ھۆشداری و ناڕەزایەتییەکانمان پێداگرە لەسەر پێکھێنانی سوپایەکی رێکخراوی تیرۆریستی بە درێژای سنوورەکانی ئێمە. دامەزراندنی پێکھاتەیەکی تیرۆریستی بە درێژای سنوورەکانی تورکیا، بەدەر لە وڵاتی تورکیا ھیچ ئامانجێکی دیکەی نییە".
bas news-
