محەمەدی حاجی مەحموود: وردەکارییەکانی 16ی ئۆکتۆبەر لە کتێبێکی مێژووییدا بڵاو دەکەمەوە

 محەمەدی حاجی مەحموود: وردەکارییەکانی 16ی ئۆکتۆبەر لە کتێبێکی مێژووییدا بڵاو دەکەمەوە
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ڕای گەیاند، بەشێک لە ڕووداوەکانی پەیوەندیدار بە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری نووسیوەتەوە و لە ئایندەدا لە دووتوێی کتێبێکی مێژووییدا بڵاویان دەکاتەوە.

محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لەمبارەوە ڕايگەیاند: ”بەرگی پێنجەمی کتێبەکەم نووسیوەتەوە و ئێستاش سەرقاڵی نووسینەوەی ڕووداواکانی شەڕی داعش و ڕووداوەکانی دوای شەڕی داعشم کە 16ی ئۆکتۆبەر یەک لەوانەیە“.

سکرتیری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "ھەموو ڕۆژێک ڕووداوەکانی ڕۆژ ھەرچی بووبێت، لای خۆم تۆماری دەکەم و دەیاننووسمەوە، بۆ ئەوەی بە کتێب بڵاوی بکەمەوە".

لەبارەی ئەوەی ھیچ ھەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بنووسێتەوە، محەمەدی حاجی مەحموود، ئاماژەی بەوەش دا: ”ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرم نووسیوەتەوە و بۆ ئایندە لە دووتوێی کتێبێکی مێژوویدا بڵاوی دەکەمەوە، چونکە لای من ھەرچییەک ڕووبدات وەک خۆی دەینووسمەوە".

محەمەدی حاجی مەحمود، یەکێکە لە فەرماندە باڵاکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەو لە سەرەتای شەڕی داعشەوە بەشداریی کارای لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا کردووە و رۆژی 26/11/2014، لە شەڕی ڕووبەڕوو بوونەوەی چەکدارانی داعش لە (تەلەلوەرد)، عەتا محەمەد، کوڕی محەمەدی حاجی مەحموود شەھید بوو.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".

ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.










باسنيوز
Top