وەزارەتی دارایی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 15/1/2018، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا باس لەوە دەکات، کە جۆن ویلکس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و مارتن وار، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان کرد، لەگەڵ ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری کۆ بوونەوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، کە لە سەرەتای کۆبوونەوەکە جۆن ویلکس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق باسی ئامانجی سەردانەکەی کرد و رای گەیاندووە: "لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا و ھەولێر پێمان راگەیاندوون کە بەریتانیا بە بایەخەوە دەڕوانێتە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لە نێوان ھەولێر و بەغدا و پێویستە کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ ھەبێت، ئەو کۆبوونەوانەی ئێستا دەکرێن، بەردەوامییان ھەبێت".
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە بەریتانیا پێداگری دەکات لەوەی مافە دەستوورییەکانی ھەموو لایەک دابین بکرێت و دەستکاربی پڕِۆژە یاسای بوودجەی عێراق بکرێت.
ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری سوپاسی ئەو نێوەنگیرییەی بەریتانیای کردووە و رای گەیاندووە: "پێویستە بەریتانیا ڕۆڵی زیاتری لە نێوەنگیریی ھەولێر و بەغدا ھەبێت، ئێمە وەک حکوومەتی ھەرێم ئامادەین کە داواکارییەکانی بەغدا سەبارەت بە وردبینی لە لیستی مووچەخۆران و چاودێریکردنی خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان جێبەجێ بکەین".
وەزیری دارایی دەشڵێت: "ئێستا پڕۆژیەکی چاکسازیمان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردووە تایبەت بە ڕێکسختنەوەی مووچەی خانەنیشن و دەرماڵە کە بە پێی ئەو پڕۆژە یاسایە، مانگانە 150 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە، بەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر پێدانی مووچە".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، وەزیری دارایی و ئابووری ڕوونی کردەوە، کە کۆمپانیای دیلۆت راپۆرتێکی ئامادە کردووە و "ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی بە ھەموو لایەن چاکسازی لە کەرتی نەوت و دارایی بکرێت".
باسنيوز
