لە سنووری پارێزگای سلێمانی پێنج کەس بە تۆمەتی بڕینەوەی دار دەستگیر دەکرێن

 لە سنووری پارێزگای سلێمانی پێنج کەس بە تۆمەتی بڕینەوەی دار دەستگیر دەکرێن
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، پێنج کەس بە تۆمەتی بڕینەوەی دار دەستگیر کراون.

ئەمڕۆ دووشەممە 15/1/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا عەقید ھێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕای گەیاندووە: "مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی (خەلەکان)ی سەر بە شارۆچکەی دووکان، توانییان چوار ھاووڵاتی دەستگیر بکەن، کە سەرقاڵی بڕینی داری دارستانەکان بوون".

دەشڵێت: "مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی (سورداش)ی سەر بە شارۆچکەی دووکان لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا توانیان یەک ھاووڵاتی دەستگیر بکەن/ لەسەر بڕینی داری دارستانەکان و شێواندنی، ھاوکات تاوانباران ڕووبەڕی دادگا کرانەوە ".

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی باسی لەوەش کردووە: "دواتر لە چالاکییەکی نوێدا، مەفرەزەکانی بنکەی پولیسی دارستانی ناڵپارێز بە ھاوبەشی مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستانی پێنجوێن بە سەرپەرشتی ملازم ھێژا، ئەفسەری بنکەی ناڵپاڕێز ھەستان بە دەرچوونێکی مەیدانیی بەرفراوانیان لە سنووری گوندەکانی ( ڕەزڵە، دوڵەچەوت، دۆڵەسوڕ، کانی سارد، کەڵۆر، گوڵان) ئەنجام دا، کەلە ئەنجامی دەرچوونەکەشدا توانرا ژمارەیەکی زۆر کوورەی خەڵووز تێک بدرێت، کە ژمارەیان 11 کوورەی خەڵووز دەبوون، ھاوکات دەستگیرا بەسەر ژمارەیەکی زۆر داری تەڕی بڕدراو و خەڵووزدا".

عەقید ھێمن کەمەرخان ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ خاوەنەکانیان کراوەتەوە تۆمەتبارەکانیش خۆیان و کەرەسەتەکانیان ڕووبەڕووی یاسا کرانەوە .











باسنيوز
Top