شاندی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە 15/1/2018 لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و تەواوکەری ئەو کۆبوونەوانەیە کە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە بەغدای پایتەختی عێراق لە نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆ و شاندی حکوومەتی عێراق بە ئامادەبوونی مەهدی عەلاق، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوە چوو.
لەمبارەیەوە شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بابەتی فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکان باس دەکەن“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هەموو کارمەند و فەرمانبەرانی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، کارمەندی وەزارەتی ناوخۆن، بۆیە ”پێیان باشە لێژنەی تەکنیکی دروست بکەن“. ئەوەشی نەشاردەوە کە کۆبوونەوەکان ”ئەنجامیان دەبێت“.
باسنيوز
