دیندار زێباری: پێویستە لیژنەكانی لێكۆڵینەوە لە خورماتوو بێلایەن بن و لایەنە نێودەوڵەتییەكانیش تێیدابەشدار بن

دیندار زێباری: پێویستە لیژنەكانی لێكۆڵینەوە لە خورماتوو بێلایەن بن و لایەنە نێودەوڵەتییەكانیش تێیدابەشدار بن
دیندار زێباری: پێویستە لیژنەكانی لێكۆڵینەوە لە خورماتوو بێلایەن بن و لایەنە نێودەوڵەتییەكانیش تێیدابەشدار بن و دەرەنجامەكەشی بۆ رای گشتی رابگەیەنرێت
رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی "ئه‌مینیستی ئینته‌رناشناڵ" رایگەیاند پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بە رووداوەكانی خورماتوو لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە هەنگاوێكی گرنگ و دادپەروەرانەی دەزانن بۆ گێڕانەوە مافی خەڵكی خورماتوو.
لەم بارەوە د.دیندار زێباری سەرۆكی كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند: لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بە هەزاران هاووڵاتی كوردی دانیشتووی ناوچە جێناكۆكەكان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت لە ترسی هێرشەكانی سوپای عێراق و میلیشیاكانی، هەروەها بە دەیان هاووڵاتی بوونە قوربانی و دووچاری دەستگیر كردن و كوشتن بوونەوە و بە سەدان ماڵ و شوێنی بازرگانی و دەزگاكانی راگەیاندن سووتان و وێرانكران بەتایبەتی لە خورماتوو، بۆیە ئێمە داوامان لە لایەنە نێودەوڵەتییەكان كرد بەتایبەتی رێكخراوەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و یۆنامی بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەم دەستدرێژیانە دابنرێت، لە هەمان كاتدا زانیاری و داتای وردمان دەربارەی پێشێلكارییەكانی سوپای عێراق بەرامبەر بە خەڵكی خورماتوو بەتایبەتی بەرامبەر كوردان.
زێباری هەروەها وتی: ئێمە لە كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان پێشوازی لە لێدوانەكانی لین مه‌علوف، به‌ڕێوه‌به‌ری توێژینه‌وه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی "ئه‌مینیستی ئینته‌رناشناڵ" دەكەین و بە هەنگاوێكی ئەرێنیی دادەنێین لەلایەن ئەو رێكخراوە، چونكە دان بە بوونی پێشێلكاری دەنێت كە بە هەموو شێوەیەك دەرهەق بە كوردانی خورماتوو كراوە و بوونەتە هۆی ئەوەی سه‌دان خانووی هاووڵاتیان و ماركێت و دوكان له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كوردنشینه‌كان تووشی روخان و سووتاندن و وێرانكاری ببنەوە و له‌ ماوه‌ی ته‌نیا چه‌ند خوله‌كێكدا هه‌زاران هاووڵاتی بێ ماڵ و حاڵ و سه‌روه‌ت و سامان مانه‌وه‌.
دیندار زێباری لە درێژەی قسەكانیدا زیاتر وتی: ئێمە هەر لە سەرەتاوە داوامان كردووە كە پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەكان لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان بۆ رووداوەكانی خورماتو پێك بهێنن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی كوردانی دانیشتووی خورماتوو ببنەوە، چونكە ئەو تاوانانەی دەرهەقیان كراوە زۆر گەورە و قێزەوەن بوون و هیچیان لە جینۆساید كەمتر نەبوو وەك گرتن و كوشتن دەركردن، سوتانی ماڵ و شوێنە بازرگانییەكان و چەندین تاوانی دیكەش و لەم بارەوەش زیاتر هاووڵاتیانی كوردی ئەو ناوچانە و توركمانە سوننەكان بوونە قوربانی و تا ئێستاش بە هەزارانیان لەبەر هەڕەشەی میلیشیاكان لە شارەكانی كوردستان ئاوارە دەربەدەر بوون و ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بۆیە پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەكان هەرچی زووە بیر لە چارەسەر كردنی گرفتی ئەم ئاوارانە بكەنەوە.
لە كۆتاییدا دیندار زێباری سەرۆكی كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای ئەوەی پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ بەداوادچوونی راستییەكانی خورماتوو لەلایەن حكومەتی عێراق بە هەنگاوێكی ئەرێنی دەزانین لە هەمان كاتدا داوا لە لایەنە نێودەوڵەتییەكان دەكەین كە بە ئەركی خۆیان هەستن لەم رووەوە و رۆڵیان لەو لیژنەدا هەبێت بۆ ئەوەی لیژنەكە زیاتر بێلایەن بێت و كارەكانی بە شەفافی ئەنجام بدات لە هەمان كاتدا پێویستە دەرەنجامی كارەكانی لیژنەكە بۆ رای گشتی رابگەیەنرێت و ئەو كەس و لایەنانە پێشێلكارییان ئەنجامداوە ئاشكرا بكرێن و لەسەر تاوانەكانیان سزا بدرێن و قوربانیان قەرەبوو بكرێنەوە، هەروەها پێویستە هەرچی زووە لایەنە نێودەوڵەتییەكان هەوڵ بدەن رەوشی ناوچەكە ئاسایی بكرێتەوە و رێگا خۆش بكەن بۆ ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
Top