ئامۆزای بەرپرسێکی گۆڕان بە گوللەی هێزەكەی لاهور کوژرا
بەپێی ئەو زانیارییەكان، شەوی ڕابردوو لە کاتێکدا چەکدارانی دژە تیرۆری سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر فەرمانی عەبادی هەوڵی گواستنەوەی زیندانییانی نێو گرتووخانەی چەمچەماڵیان داوە، لەلایەن خەڵکی چەمچەماڵ و کەسوکاری گیراوەکانەوە بەرەنگارییان کراوە و بەو هۆیەوە پێکدادان ڕووی داوە.
لەو پێکدادانەدا کەسێک گیانی لەدەست داوە کە ناوی (مەلا بێستوون)ە و کوڕی شەهید نازم محەمەد سلێمانە کە هاوکات ئامۆزای عەبدوڵای کوێخا موبارەک، بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕانە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی دژە تیرۆر هەوڵی ئەوەیان داوە دەست بەسەر ئەو قەڵایەدا بگرن کە گرتووخانەی چەمچەماڵی لەسەر بونیاد نراوە و دواتر زیندانییەکان بگوازنەوە، بەڵام ڕێگەیان لێ گیراوە و پێکدادان ڕووی داوە، بەو هۆیەشەوە جگە لە کوژرانی ئامۆزاکەی ئەو بەرپرسەی گۆڕان، دوو کەسی دیکە بریندار بوون.
باسنیوز
