نزیكەی ملیۆنێك دۆلاری دیكە بۆ خوێندكارانی تواناسازی خەرج كرا

 	 نزیكەی ملیۆنێك دۆلاری دیكە بۆ خوێندكارانی تواناسازی خەرج كرا
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، خەرجكردنی بڕی 947 هەزار و 827 دۆلاری وەك شاییستەی دارایی خوێندكارانی بەرنامەی تواناسازی ڕاگەیاند، كە ئێستا بەردەوامن لە خوێندن و تێیدا 40 خوێندكاری تواناسازی سوودمەند دەبن.

عەباس ئەكرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی بڕی (30) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندكارانی تواناسازی درا، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەی دابەشكردنی شاییستە داراییەكانی خوێندكارانی بەرنامەی تواناسازی بڕیاری دا بە خەرجكردنی لیستی یەكەمی ساڵی 2018ـی شاییستەی دارایی خوێندكارانی بەرنامەی تواناسازی.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتیشی، لیستی یەكەمی شاییستەی دارایی خوێندكارانی بەرنامەی تواناسازی لە ساڵی 2018، بڕەكەی بریتییە لە 947 هەزار و 827 دۆلار، كە تێیدا (40) خوێندكاری بەرنامەی تواناسازی لە هەریەك لە زانكۆكانی جیهان سوودمەند دەبن كە بەردەوامن لە خوێندن.

لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرجەم ئەو خوێندكارانەی بەرنامەی تواناسازی ئاگادار دەكاتەوە،‌ كە ناویان لە لیستی ژمارە (1)ـی ساڵی (2018)ـی هاوپێچدا هاتووە و، ژمارەیان (40) خوێندكارە، خۆیان یان بریكارەكانیان (وەكیل) سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بكەن بۆ وەرگرتنی چەكی سەرفكردنی شایستە داراییەكانیان. وەك گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییش ڕوونی كردەوە، پێشووتر لە چەندیدن قۆناخی جیادا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕی (19) ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم مەبەستە خەرج كردووە.
kdp-
Top