کوتلە کوردستانییەکانی بەغدا، هەڕەشە دەکەن
بەر لە کۆبوونەوەی ئەمرۆی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی کوتلەکان کۆ دەبێتەوە و، قسە لەبارەی پڕۆژەیاساکانی بوودجە و هەڵبژاردنەکان و کێشەکانی بەردەم ئەو دوو پرۆژەیاسایە دەکرێت.
نەدا مێرگەسۆری بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەگەری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان و خوێندنەوەی یەکەم بۆ دوو پرۆژەیاساکە، بە دەرەنجامی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و کوتلەکان دەبەستێتەوە.
مێرگەسۆری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "هەڵوێستی یەکگرتووی کوتلە کوردستانییەکان ئەوەیە ئەگەر تێبینییەکانمان لەناو پرۆژەیاسای بوودجەدا لەبەرچاو نەگیرێت، کۆبوونەوەکە بایکۆت دەکەین و رێگە نادەین رێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە تەواو بێت."
پێشتر کورد لە نۆ خاڵدا تێبنییەکانی خۆی لەبارەی ئەو پرۆژەیاسایەوە گەیاندووەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکوەزیران حەیدەر عەبادی. جیا لەوەش داوایان کردووە بەر لەوەی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساکە بکرێت، عەبادی لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا بەشدار بێت و وەڵامی تێبینی و پرسیارەکانی پەرلەمانتاران بداتەوە.
پێکهاتەی سوننەش بە تەواوی تێبینی لەسەر پرۆژەیاسای بوودجە هەیە و پەرلەمانتارانی پارێزگای بەسرەش هەر لەو بەرەیەدان، بۆیە تا ئێستا نەتوانراوە رێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەی تایبەت بە پرۆژەیاساکە تەواو بێت.
سوننەکان تێبینییان لەسەر پرۆژەیاسای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش هەیە و پێیان وایە، بەو هۆیەی بەشی زۆری ناوچەکانیان وێران بوونە و خەڵکەکانیان ئاوارەن، بە تەواوی کاریگەری لەسەر رێژەی دەنگەکانیان دەبێت.
نەدا مێرگەسۆری دەڵێ، "سەرەڕای ئەوەی ناوی قەوارە و لیستەکان تۆمار کراون، بەڵام دەنگێکی بەهێز بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان هەیە، بە تایبەت لە ناو سوننەکاندا."
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەغدا رۆژی ١٢ی ئایاری ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان دیاری کردووە. هەروەها کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش جەختی کردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکەشەممە، دوادەرفەتە بۆ تۆمارکردنی ناو لیست و قەوارەکان.
kdp-
