شوان محەممەد: بەشداریكردنی ھەندێ ھێز لە ھەڵبژاردنەكان، مەترسییە بۆ سەر داهاتووی عێراق

 	 شوان محەممەد: بەشداریكردنی ھەندێ ھێز لە ھەڵبژاردنەكان، مەترسییە بۆ سەر داهاتووی عێراق
ژمارەیەك گرووپی توندڕۆی نێو حەشدی شەعبی، بە ھاوپەیمانییەك بەشداری لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراقدا دەكەن و، چاودێرانیش بە مەترسی دەزانن بۆ سەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق، پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراقیش دەڵێ، بە ھۆی ئەو گرووپانەوە، داهاتوویەكی مەترسیدار چاوەڕێی عێراق دەكات.

شوان محەممەد تەھا، به‌رپرسی لقی 5ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌غدا و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دەركەوتنی ئەو ھێزانەی چەكدارن و بەشداریكردنیان لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراقدا، سەرەتایەكی دڵخۆشكەر نییە بۆ رەوشی عێراق، لەبەر ئەوەی دەبینین پێكھێنانی ھاوپەیمانی لە نێوان ئەو ھێزە سیاسیانە و ھاوشێوەكانیاندا بە ڕێژەیەكی زۆر دەردەكەوێت، ئەوەیش وا دەكات داھاتوویەكی ناڕوون چاوەڕێی عێراق بكات".

لەبارەی گوتەكانی پێشووی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق، كە نابێت ئەو ھێزانەی چەكداریان ھەیە بەشداری لە ھەڵبژاردنەكاندا بكەن، شوان محەممەد گوتی، "حەیدەر عەبادی پڕوپاگەندەیەكی باشی بۆ خۆی بەو پرسەوە كرد، ئەگەرنا یاسای ھەڵبژاردن رێگە نادات ئەو ھێزانە بچنە نێو پڕۆسەی ھەڵبژاردنەوە و بەشداریی تێدا بكەن، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەوەی بۆ مەرامێك بەكار ھێنا و بۆی نەچووە سەر".

ژمارەیەك رێكخراوی سەر بە حەشدی شەعبی، ھاوپەیمانییەكیان بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنەكانی بەھاری داھاتوودا پێك ھێناوە و دیارترین رێكخراوی نێو حەشدی شەعبی وەك عەسائیب ئەھلی حەق و رێكخراوی بەدر تێیدا بەشدارن، چاودێرانیش بەشداریكردنی ئەو ھاوپەیمانییەتیه‌ بە مەترسی دەزانن بۆ سەر داهاتووی عێراق، چونكە ئەو ھێزانە لە چەند ساڵی رابردوودا تاوانیان دژی خەڵكی سڤیل ئەنجام داوە.

لای خۆیشیەوە، دكتۆر محەممەد بازیانی، شارەزا لە گرووپە ئیسلامییەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان روونی كردەوە، "بەپێی یاسای كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، بەشداریكردنی ھەموو لایەنێك كە باگراوندی سەربازیی ھەبێت، قەدەغە كراوە و بەشداریكردنی ھەندێ لایەنی شیعی لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا، زەنگێكی مەترسیدارە، چونكە سەركەوتنی ئەو ھێزانەی شیعە، دەبێتە ھۆكاری ئەوەی توندڕۆیانە مامەڵە لەگەڵ گەلانی عێراقدا بكەن".


kdp-
Top