سبەی شاندێكی حكوومەتی عێراق دەگاتە ھەرێم
دوێنێ شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و، بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستان و دەروازە سنوورییەكان، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی عێراقدا كۆ بووەوە، بەپێی راگەیێندراوێكیش، كۆبوونەوەكە ئەنجامەكەی ئەرێنی بووە و كۆبوونەوەكانیش بەردەوام دەبن تا دەگەنە رێككەوتن.
لەو بارەیەوە، جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان نازم ھەركی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بەپێی بەدواداچوونی ئێمە، كۆبوونەوەی نێوان ھەردوو شاندی ھەرێم و بەغدا ئەنجامی زۆر باشی ھەبووە، بۆیە بڕیار دراوە كە كۆبوونەوەكان بەردەوام بن تاوەكوو دەگەنە رێككەوتن، بڕیاریشە سبەی شاندێكی حكوومەتی عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ شاندەكەی حكوومەتی ھەرێم كۆبوونەوە لەبارەی ھەردوو پرسی كردنەوەی فڕۆكەخانەكان و دەروازە سنوورییەكان ئەنجام بدەن".
بە گوتەی جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و ناوخۆ، دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان ھەرێم و بەغدادا ھەنگاوێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی بتوانن تەواوی كێشەكانی نێوانیان چارە بكەن، لەبەر ئەوەی تەنیا بە گفتوگۆ دەتواندرێت كێشەكان یەكلا بكرێنەوە.
لای خۆیشیەوە، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئومێد محەممەد، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، دوێنێ شاندی ھەرێم لەگەڵ شاندی بەغدا كۆ بوونەوە و كۆبوونەوەكەیش ئیجابی بووە، بۆیە بڕیارە سبەی شاندێكی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی وەزیری ناوخۆ و بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆكان سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن و دووەم كۆبوونەوە لە شاری ھەولێر ئەنجام دەدەن، دووریش نییە سبەینێ بتوانن كۆتایی بە كۆبوونەوەكان بێنن و رێككەوتنێك ئەنجام بدەن.
لەبارەی كردنەوەی فڕۆكەخانەكانیشەوە، ئومێد باسی لەوە كرد، تاوەكوو ئێستا ھیچ وادەیەكی دیاریكراو نییە بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستان و، لە میانەی گفتوگۆكاندا قسە لەسەر ئەو پرسە دەكرێت.
kdp-
