کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکان بێ ئەنجام بوو

کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکان بێ ئەنجام بوو
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆکایەتیی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان لەبارەی ھەڵبژاردنەکان و بودجەوە بێ ئەنجام بوو.

ئەمڕۆ فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دوو پرسی گرنگ کۆ بوونەوە، ئەوانیش پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەم ساڵدا.

لەم بارەیەوە، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ھیچ ئەنجامێکی نەبوو، چونکە نەگەیشتنە ھیچ ئەنجامێک لەبارەی ھەردوو پرسەکە. کورد داوای کرد کە پێویستە لە پڕۆژەیاسای بودجە داواکارییەکانی جێبەجێ بکرێت، ئەگەرنا دەنگ بەو پڕۆژەیاسایە نادات و لەبارەی ھەڵبژاردنەکانیشەوە کورد کێشەی نییە و لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانە."

شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "سوننەکان بە ئاشکرا داوا دەکەن ھەڵبژاردنەکان دوا بخرێن، بۆیە نەیانتوانی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەن و کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام کۆتایی پێ ھات."

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "بڕیارە کۆتایی ھەفتە، ڕۆژی پێنجشەممە، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام تا ئەوکاتە نە بودجە و نە یاسای ھەڵبژاردنەکان ناخرێنە بەرنامەی کارەوە."
kdp-
Top