کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکان بێ ئەنجام بوو
ئەمڕۆ فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دوو پرسی گرنگ کۆ بوونەوە، ئەوانیش پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەم ساڵدا.
لەم بارەیەوە، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ھیچ ئەنجامێکی نەبوو، چونکە نەگەیشتنە ھیچ ئەنجامێک لەبارەی ھەردوو پرسەکە. کورد داوای کرد کە پێویستە لە پڕۆژەیاسای بودجە داواکارییەکانی جێبەجێ بکرێت، ئەگەرنا دەنگ بەو پڕۆژەیاسایە نادات و لەبارەی ھەڵبژاردنەکانیشەوە کورد کێشەی نییە و لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانە."
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "سوننەکان بە ئاشکرا داوا دەکەن ھەڵبژاردنەکان دوا بخرێن، بۆیە نەیانتوانی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەن و کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام کۆتایی پێ ھات."
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "بڕیارە کۆتایی ھەفتە، ڕۆژی پێنجشەممە، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام تا ئەوکاتە نە بودجە و نە یاسای ھەڵبژاردنەکان ناخرێنە بەرنامەی کارەوە."
kdp-
