پەکەکە بە مووشەک بارەگایەکی سوپای تورکیا دەکاتە ئامانج
میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، کە هێرشە مووشەکییەکە سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 14.1.2018 لەسەر چیای کولیکا لە ناوچەی چەلێی پارێزگای شرناخ کراوەتە سەر بارەگایەکی سوپای تورکیا لە چەلێ.
هەروەک میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکەوە، سەربازێکی سوپای تورکیا کوژراوە و سێی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی شەممە 13.1.2018، سوپای تورکیا چەند ناوچەیەکی شاری عەفرینی لە رۆژئاوای کوردستان تۆپباران کرد و رەجەب تەییب ئەرۆغانی سەرۆک کۆماری تورکییاش ماوەی هەفتەیەکی وەک مۆڵەت بۆ خۆڕادەستکردن دایە شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان.
پێشتر سەرکردەکانی پەکەکە هۆشدارییان دابووە سوپای تورکیا، کە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر عەفرین، ئەوا پەکەکە شەڕەکە دەباتە ناو شارەکانی تورکیا و ”کەسیش پێشبینیی ئەنجامی شەڕەکە ناکات“.
باسنيوز
