ئازاد جندیانی: باشتر وایە کورد لە کەرکووک بەشداری لە هەڵبژاردندا نەکات
لە وتارێکدا کە بە ناونیشانی (هەڵبژاردنەکانی کەرکووک زیانە!) ئازاد جندیانی، سیاسەتمەداری ناسراو ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق داوە و لەبارەی کەرکووکەوە ڕوونی کردووەتەوە: ”کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی ھاوشێوەی لە 16 ئوکتۆبەری 2017ەوە داگیرکراون و بەو پێیەش لە دۆخێکی تەواو نائارام و نائاساییدان. نیشانەکانی نائاسایی بوونیان بەڕوونی دیارن : بەعەربکردن، تۆقاندن، تیرۆرکردن، ئاوارەبوونی دەیان ھەزار کورد، سووتاندن و ڕووخاندنی سەدان دوکان و خانووی کورد، دووبارە رادەستکردنی زەوی کوردان بەعەرەبەھاوردەکان کە بەپیێی یاسا لێیان سەنرابووەوە، لادانی دەیان بەرپرسی کورد لە دامەزراوەکانی حکومەتی فیدڕاڵ و لەھەمووشی زۆرتر سوکایەتیکردنی بەبەرنامە لەدژی ھاووڵاتیانی کورد و ڕەمزەکانی“.
ڕوونیشی کردووەتەوە کە بەغدا بەردەوام وا نیشان دەدا کە ئەوەی دۆخی ئەو ناوچانەی نائاسایی کردووە، ریفراندۆم بوو، لەکاتێکدا ئەگەر ئەو لایەنەی ھۆکاری نائاسایی بوونی ئەو ناوچانەیە و ئۆباڵەکەی کەوتۆتە ئەستۆ، ”دەسەڵاتی بەغدا خۆیەتی“، چونکە لە 2006ەوە پابەندیی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری کەوتووەتە ئەستۆ، بەڵام نەیکردووە. جگە لەوەش لەشکرکێشی کردووەتە سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە داگیری کردوون و کوشت و بڕ و تەعریبکردنەوە و وەدەرنانی خەڵکی کورد ”تاوانێکی دیکەیە کە بەداخەوە زۆر لە حزبەکانی کوردستان یان خۆیان لێ بێدەنگ کردووە، یان بە شێوەیەکی شەرمنانە باسی لێوە ئەکەن“.
ئازاد جندیانی لە وتارەکەیدا هۆکارە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی تێڕوانینەکەی بەوەی کە کورد لە هەڵبژاردنەکانی کەرکووکدا زیانی بەر دەکەوێت، ڕوون کردووەتەوە و بە ئاشکرا ڕای گەیاندووە: ”باشتر وایە کورد لەو ناوچانە بەشداری نەکا و لەبری ئەوە، بەئاشکرا و ڕاگەیەندراوی، خۆی بۆ (مانگرتنێکی مەدەنی) ئامادە بکا و خەڵکی ناوچەکانی ھەرێمیش ھاودەنگ و ھاوھەڵوێستی بن“.
دووپاتیشی کردووەتەوە، با کوردی کەرکووک و ئەو ناوچانە لە میانی عسیانێکی مەدەنیدا دەنگی خۆیان بدەن، نەک لە هەڵبژاردنێکدا ”کە هیچی بۆ ئەوان تێدا نییە“.
لەم لینکەدا دەقی وتارەکەی ئازاد جندیانی بخوێنەوە...
باسنیوز
