شاندەکەی وەزارەتی پەروەردە و تەندرووستی لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە

 شاندەکەی وەزارەتی پەروەردە و تەندرووستی لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە
ئەندامێکی ئەو لێژنەیەی کە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بە مەبەستی وردبینیکردن لە مووچەی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندرووستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە، ئاشکرای کرد کە لەم هەفتەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق بۆ جاری دووەم کۆدەبنەوە.

د. ڤیان حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی تەندرووستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئاگادار کراونەتەوە کە ڕۆژی چوارشەممە 17/1/2018، کۆبوونەوەی دووەم لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن، ”بەڵام پێیان ڕاگەیاندین کە وادەی کۆتایی کۆبوونەوەکەتان پێدەڵێین“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کۆبوونەوەی ئەمجارەیان بە ئامادەبوونی مەهدی عەلاق، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەبێت و ”وردەکاریی زیاترمان لەگەڵدا باس دەکەن“. گوتیشی: ”ئێمە چاوەڕێین ئەمڕۆ وەڵاممان بدەنەوە، کەی وتیان وەرن، ئێمە بۆ ڕۆژی چوارشەممە دەڕۆین“.

لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ تائێستا بەغدا هیچ تێبینییەکی لەبارەی لیستی مووچەی وەزارەتەکانەوە هەبووە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندرووستی ڕایگەیاند: ”ھیچ قسەیەکیان نەکردووە، تەنیا گوتیان لقی کەرکووکی چاودێری دارایی ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی لەبارەی وردەکارییەکانەوە سەردانتان بکات“.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا د. ڤیان حوسێن لەبارەی گەشبینیی ئەو بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی وردبینیکردن، ئاماژµی بەوە کرد: ”ئەگەر وردبینییەکە تەواو ببێت، ئەوان بیانویان بەدەست نامێنێت، چونکە ئەوان وردبیانییان ویست، گوتمان فەرموون بیکەن، ئەگەر تەواو بوو، چ بیانویەکیان دەمێنێ؟ئێستا ئێمە نیازپاکیی خۆمان دەربڕیوە“.

ئەوەشی ڕەت کردەوە کە تائێستا هیچ باسێکیان لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتەکە کردبێت و ئاشکرای کرد: ”ئەوان دەڵێن وردبینی تەواو بوو، بەرزی دەکەینەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەوان دەڵێن بە مەبەستی خەرجکردنی مووچەکانە، ئینجا خەرجی دەکەن یان نایکەن؟ کەیە و کەی نییە؟ ئەوا نازانم ئالیتەکەی“.

بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندرووستی ئەوەشی نەشاردەوە کە لە کۆبوونەوەی دووەمیاندا ڕاوێژکاری دارایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خۆیاندا دەبەن.














باسنیوز
Top