پەرلەمانتارێک: پێویستە لایەنە سیاسییەكان لەبارەی وادەی هەڵبژاردنەكانی كوردستان ڕێك بکەون
ڤەمان فەیسەڵ، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "دیارینەكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنەكانی كوردستان لەسەر حكوومەت، سەرۆكایەتی پەرلەمان و دەزگای هەڵبژاردنەكان ماوە و دەبێ ئەوان هەماهەنگییەك بكەن بۆ ئەوەی لەسەر كاتەكەی ڕێك بكەون".
ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە ئەگەر بێت و ڕێككەوتنێكی سیاسی لە نێوان لایەنەكانی كوردستان نەكرێت، ئەوا هەر وادەیەك لەلایەن پەرلەمان و حكوومەت و دەزگای هەڵبژاردنەكانەوە دابنرێت، ڕەنگە ئاستەنگ دروست بكات، بۆیە پێویستە لایەنەكان لەسەر كاتێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان كۆك بن، چونكە دواتر كێشە نابێ كەی كۆمیسیۆن دێتە پەرلەمان، لەبەر ئەوەی هاتنی كۆمیسیۆن تەنیا بۆ ئەوەیە دڵنیایی بداتە پەرلەمان كە هەموو ئامادەكارییە لۆجستییەكان كراون".
هەرچەند زۆرینەی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕازین، بەڵام هەتا ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئامادەیی دەرنەبڕیوە و ڕای گەیاندووە هەتا کۆنگرەی خۆی نەبەستێت ناچێتە ناو هیچ هەڵبژاردنێکەوە.
باسنیوز
