هۆشداری لە کاندیدکردنەوەی ئاڵا تاڵەبانی و شوان داودی بۆ پەرلەمانی عێراق دەدرێت
فازیل بەشارەتی، بەرپرسی لقی ١٢ ی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ئەو حزبە، ڕایگەیاند: "راستە پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنی ستراتیژییان ھەیە و لە یەکتری دوور نەکەوتوونەتەوە، بەڵام ھاوپەیمانی پارتی لەگەڵ لایەنی سیاسی دایە، نەک چەند کەسایەتییەکی دیاری کراو، بۆیە ئەو لایەنە سیاسییە خۆی بەرپرسیارە لە مامەڵە و ھەڵوێستی ئەندامەکانی".
بەرپرسی لقی ١٢ ی پارتی ئەوەشی روون کردەوە: "ئێمە کاتێک ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتیی دەکەین، بۆ ئەوەی لیستێکی ھاوبەشمان ھەبێت، مامەڵە لەگەڵ ئاڵا تاڵەبانی، شوان داودی و چەند کەسێکی دیکە ناکەین، بەڵکو مامەڵە لەگەڵ ئۆرگانی فەرمیی یەکێتیی دەکەین، دواجار ھەر ھاوپەیمانییەتییەک بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانی تێدا بێت، پارتی ڕەتی ناکاتەوە".
بە بڕوای فازیل بەشارەتی، ”بوونی کەسانی وەک ئاڵا تاڵەبانی و شوان داودی، لەناو یەکێتی و ھەر لایەنێکی سیاسی، دەبێتە سەرەخۆرە بۆ لەناوچوونی لایەنەکەی خۆی و ھاوپەیمانییەتییەکە، چونکە خەڵک لەو لایەنە دوور دەکەوێتەوە کە کەسانی بەرژەوەندیخواز و خزمەتکاری نەیارەکانی کوردی تێدا بێت".
ئاڵا تاڵەبانی و شوان داودی، دوو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن لە پەرلەمانی عێراق کە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام هەڵوێستەکانیان بۆ پشتیوانیکردن لە لایەنی عێراقی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان بووە و تەنانەت گەیشتە ئاستێک کە تەنیا چەند ڕۆژێک دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، یەکێک لەو پەرلەمانتارانە لەسەر مێزی نانخواردن لەگەڵ سەرکردەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەرکەوت.
باسنیوز
