هەڤاڵ ئەبوبەکر وەڵامی ڕەخنە و هێرشەکانی لایەنگرانی گۆڕان دەداتەوە
پاش ئەوەی ڕۆژی 6/1/2018، کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەیشتەوە هەرێمی کوردستان و لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانییەوە پێشوازی کرا و لە کاتی هاتنە خوارەوەیدا لە فڕۆکە، یارمەتی درا. لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان بە توندی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هێرشیان کردە سەر هەڤاڵ ئەبوبەکر و وەک چۆن هەر کەسێک کە بیانەوێت هێرشی دەکەنە سەر، بە هەمان شێوە هێرشیان کردە سەر پارێزگاری سلێمانی لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان.
لەمبارەیەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئەگەر لایەنگرانی گۆڕان لە دیدی وێنەیەکەوە سەیری ئەو ھەڵوێستە دەکەن، من ڕێز لە بۆچوون و ڕەخنەی ھەموو کەسێک دەگرم“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەو بەرنامەی خۆی هەیە و ”دواجار ئەوان بۆیان دەردەکەوێت کە شکۆی مرۆڤی کورد، وەک شکۆی ھەر سەرکردەیەکی دیکە وایە و ڕێزگرتن لە ھەر کەسێک، لە ڕێزگرتن بۆ خۆم گرنگترە“.
دووپاتیشی کردەوە: ”کۆسرەت ڕەسوڵ نەبووایە، ھەر سەرکردەیەکی دیکە بووایە، بەو شێوەیە پێشوازیم لێ دەکرد“.
هەڤاڵ ئەبوبەکر نەیشاردەوە کە ”ڕەخنەی ھیچ کەس و لایەنێک“ ساردی ناکاتەوە، چونکە: ”من پارێزگاری ئەم شارەم و بە ئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم کە خزمەتی ئەم شارە بکەم و ڕێز لە ھەموو هاووڵاتییەک بگرم“.
پێشتر چەندان جار چاودێران و سیاسەتمەداران هۆشداریی ئەوەیان بە بزووتنەوەی گۆڕان داوە کە ڕاهێنانی لایەنگرانی لەسەر هێرشی میدیایی بەردەوام بۆ سەر حزب و لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان، لە داهاتوودا بە زیان بۆ خودی گۆڕان دەشکێتەوە و لە هەر ساتێکدا لایەنگرانی بزووتنەوەکە هەمان کار بەرامبەر بە گۆڕانیش ئەنجام دەدەن.
باسنیوز
