پەرلەمانتارێک: لە قەرەھەنجیر بەرگری نەکرێت کارەساتی گەورەتر لە ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕوو دەدات
جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئەگەر ھێزەکانی یەکێتی لە سنووری قەرەھەنجیر بەرگری نەکەن و ڕێگری لە ھاتنی سوپای عێراق نەکەن، ئەوا کارەساتەکە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر گەورەتر دەبێتەوە.
نازم ھەرکی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند: "کەسانێک لەناو یەکێتیدا ھۆکار بوون بۆ ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بەو ھۆیەشەوە ڕووبەرێکی بەرفراوانی خاکی کوردستانمان لەدەست دا، ھەرچەندە میللەتی کورد بەگشتی زیانی گەورەی بەرکەوت، بەڵام یەکێتی لەم بابەتە و بەتایبەت ئەو کەسانەی دەستیان تێدا ھەبووە، بە زیانیان شکایەوە، بۆیە نابێ شوێنەکانی دیکەش چارەنووسیان وەک کەرکووک و ناوچەکانی دیکەیان لێ بێت، دەبێ ھێزەکانی یەکێتی بەرگری بکەن و ئەو متمانەیەی لەدەستیان داوە، دروستی بکەنەوە، چونکە ئەگەر ئێستا لە سنووری قەرەھەنجیر بەرگری نەکەن و ھێزە عێراقییەکان بێنە پێشەوە، ئەوا کارەساتەکە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر گەورەتر دەبێت".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەگەر عێراق لە تەعریب و ڕاوەدوونانی خەڵکی کورد بەردەوام بێت و ناوەندگیریش نەبێت، ئەوا نابێ کورد دەستەوەستان بووەستێ و دەبێ بەرگری لە خۆی و خاکی کوردستان بکات، چونکە لەدەستدانی ئەم شوێنانە ئاسان نین، بۆیە دەبێ بە ھەر شیوەیەک بێت ھەوڵ بۆ گرتنەوەی کەرکووک و خورماتوو ئەو ناوچانە بدرێتەوە ئەگەر بە شەڕیش بێت".
لە چەند ڕۆژی ڕابردووا ھێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ناوچەکانی سنووری نێوان پێشمەرگە و میلیشیا و ھێزە عێراقییەکاندا، دەستیان بە خەندەق لێدان لە سنووری شارەدێی قەرەھەنجیر کرد.
bas news-
