کەرکووک.. میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ئەنجامدانی پێشێلکاری دژ بە ھاووڵاتییان بەردەوامن

کەرکووک.. میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ئەنجامدانی پێشێلکاری دژ بە ھاووڵاتییان بەردەوامن


گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان، ئاماژە بەوە دەدات، کە لە کەرکووک میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ئەنجامدانی پێشێلکاری دژ بە ھاووڵاتییان بەردەوامن.



عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک-گەرمیان، ڕاگەیاند: "پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی لە دژی ھاووڵاتییانی کەرکووک، لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامە و ئەوان دۆخێکی نالەباریان لە شارەکە دروست کردووە".



گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک-گەرمیان، ئاشکراشی کرد، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئێستا زیاتر دەستیان بە دەستگیرکردنی گەنجان بەبیانوی جۆراو جۆرەوە کردووە.



ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە چەند لە رۆژی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزیک ببینەوە، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی زیاتر فشار دەخەنە سەر ھاووڵاتییان بەمەبەستی تۆقاندنی خەڵک و ئەو کردەوەشیان بەمەبەست دەکەن.


عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک-گەرمیان، گوتیشی: "ئەوەی جێی داخە تا ئێستا ڕێگا بە بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن نادرێت بۆ ئەوەی ڕووداوەکانی کەرکووک بگوزازنەوە".



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.


ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".


ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
bas news-
Top