برۆ: ئەنەكەسە وەك نوێنەری رۆژئاوا لە كۆنگرەی سوچێدا بەشدار دەبێت
ئیبراھیم برۆ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "تا ئێستا دوو جار كۆنگرەی سوچێ دوا خراوە و پەیەدە بەردەوام پەسنی ئەو كۆنگرەیەی دەكرد و باسیان لەوە دەكرد كە ١٥٠كەسی ئەوان بەشداری تێدا دەكەن، بەڵام دوای ئەوەی ئاشكرا كرا كە پەیەدە بەشدار نابێت و ئەمەیش توركیا، ئێران و ڕووسیای رازی كردووە، ئێمە توركیا و ڕووسیامان بینیوە و پێمان راگەیاندوون ئەگەر نەتەوەیەكگرتووەكان و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن ئامادە بن، ئێمە وەكوو ئەنجوومەنی نیشتیمانی ئامادە دەبین و، ڕووسیا باسی لەوە كرد كە كۆنگرەی سوچێ بە بێ ئامادەبوونی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد ئەنجامی نابێت و كۆنگرەیەكی سەقەت دەبێت، گوتیشیان كە ئێمە دەزانین ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە ھەموو كۆنگرە نێودەوڵەتییەكان ئامادە دەبێت، بۆیە پێویستە ئەم جارەیش ئامادە بێت، لەبەر ئەوە چاوەڕێی بڕیاری نەتەوەیەكگرتووەكان دەكەین بۆ ئەوەی ئەو كۆنگرەیە شەرعییەتی ھەبێت و ئەوكات ئێمە ئامادە دەبین".
برۆ گوتیشی، "بڕیارە لە ٢٩ و ٣٠ـی ئەم مانگە گۆنگرەكە بەڕێوە بچێت و سەرۆكی ڕووسیا خۆی سەرپەرشتیی ئەو كۆنگرەیە دەكات و پێی وایە لە رێگەی ئەو كۆنگرەیەوە دەتواندرێت كێشەی سیاسیی سووریا چارە بكات، بۆ ئەوەی پرسی ھەڵبژاردنەكان و دەستوور یەكلا بكرێنەوە و رەوانەی جنێف بكرێن تا بڕیاریان لەبارەوە بدرێت".
نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لەسووریا لەكۆنگرەی جنێف دەشڵێت، "ئەگەر ھیچ كێشەیەكی گەورە لە نێوان توركیا و ڕووسیا دروست نەبێت، لە كۆتایی ئەم مانگەدا كۆنگرەی سوچێ بەڕێوە دەچێت، بۆیە ھەر كاتێك یەكلا بووەوە، ئەوكات ئێمەیش ئامادەكاریی خۆمان دەكەین بۆ بەشداریكردن لەو كۆنگرەیە".
ئەو هەروەها راشیگەیاند، لەو كۆنگرەیەدا ھەزار و٥٠٠ بۆ ٢ھەزار كەس بەشداری دەكەن، بۆیە رژێمی سووریا دەیەوێت ھەندێك كوردی نزیكی خۆی دیاری بكات وەكوو نوێنەری رۆژئاوای كوردستان لە وكۆنگرەیەدا، بەڵام نوێنەری سەرەكیی رۆژئاوای كوردستان، ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردە و رێگەیش نادرێت پەیەدە بەشداری لەو كۆنگرەیەدا بكات.
kdp-
