"سبەینێ پرسی بودجە و هەڵبژاردنەکانی عێراق تاوتوو دەکرێن"

ئەندامێکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق گوتی، سبەی فراکسیۆنەکان لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی دوو پرسی گرینگ کۆ دەبنەوە، ئەوانیش ھەڵبژاردنەکان و پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقن.

حکوومەتی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی ڕەوانەی پەرلەمان کردووە و فراکسیۆنەکانیش کۆمەڵێک داواکارییان لە حکوومەت ھەیە، بەڵام تا ئێستا حکوومەت ئامادە نییە ئەو داواکارییانە جێبەجێ بکات، کە گرنگترینیان داواکاریی کوردە، ئەویش پێدانی پشکی ھەرێمی کوردستان ١٧% و گۆڕینی ناوی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و جگە لەوەش، حکومەت داوای کردووە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٥ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، بەڵام فراکسیۆنەکان ھێشتا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە، بەتایبەت سوننەکان دژی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانن.

لەم بارەیەوە، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق، سەرحان سلێڤانەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە سبەی پێش کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە سەعات ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ بەڕێوە بچێت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکان دوو پرسی گرنگ تاوتوێ بکات، ئەوانیش پڕۆژەیاسای بودجە و ھەڵبژاردنەکان."

سەرحان سلێڤانەیی گوتی: ''سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادە نییە بێتە پەرلەمان و داوای کردووە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکرێت، ئەگە خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کرا ئەوکات پەسەند دەکرێت بەبێ ئەوەی داواکاریی ئێمە و سوننە لەبەرچاو بگیرێت.''

سلێڤانەیی گوتیشی: ''ئەگەر عێراق ھاوشێوەی ٢٠١٤ بێ بودجە بێت زیاتر لە بەرژوەندیی ئێمەدایە، چونکە ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بکرێت، مانگانە٣٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێم ڕەوانە دەکرێت، بەڵام گەر پەسەند نەکرێت و یەک لەسەر ١٢ی بودجە خەرج بکرێت، مانگانە ترلیۆنێک دینار بۆ ھەرێم ڕەوانە دەکرێت، بۆیە بودجە نەبێت بۆ ئێمە باشترە.''
kdp-
Top