پەرلەمانتارێك: ئەگەر دەستكاری بوودجەی هەرێمی کوردستان بکرێت بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەکەین
نەجیبە نەجیب، ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕايگەیاند: "سبەی یەکشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت و کورد و سوننەش بە سەرۆکی پەرلەمانیان ڕاگەیاندووە، ئەگەر بێت و پرۆژە یاسای بوودجە بەبێ ڕەزامەندی ئەوان تێبپەڕێنرێ و دەستکاری بڕە بوودجەی هەرێمی کوردستان بکرێ کە 17٪ ئەوا بایکۆتی دانیشتنەکان دەکەن".
لەدوای ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە 25ی ئەیلول پەرلەمان و حکوومەتی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری لە دژی هەرێمی کوردستان دەرکرد، یەکێک لەو بڕیارانە ڕاگرتنی هەموو مامەڵە داراییەکان بوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
لەو بارەیەشەوە نەجیبە نەجیب دەشڵێت: "لە 26ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری ڕاگرتنی هەموو مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵ هەرێم دا، دواتر لەلایەن حکوومەتی و بانکی ناوەندی عێراقەوە جێبەجێکرا، بەڵام جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارەدرێژەی نەکێشا لەبەر ئەوەی لەڕووی پراکتیکیەوە جێبەجێ نەدەکرا، چونکە هەموو بانکە ئەهلییەکان دەبێ مامەڵە لەگەڵ ئەنجومەنی کارگێڕی عێراق بکەن و بانکەکانیش لقەکانیان لە هەرێمی کوردستانە، بۆیە ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرایە ئەوازیانیان پێ دەگەیشت، بۆیە دوای مانگێک لە دەرچونی بڕیارەکە هەڵوەشێنرایەوە".
باسنيوز
