پارتی: دوا بڕیار لەبارەی درووستکردنی هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکان دەدرێ

 پارتی: دوا بڕیار لەبارەی درووستکردنی هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکان دەدرێ
بەرپرسێکی حزبی لە کەرکووک ئاشکرای دەکات کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چەند لایەنێکی دیکە، هاوپەیمانێتییەکیان بۆ کەرکووک درووست کردووە، بەرپرسێکی پارتیش ڕای دەگەیەنێت کە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەمبارەیەوە نەدراوە.

لەم بارەیەوە، ئەمڕۆ شەممە 13/1/2018، شوان محەمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرپرسی ئەو حزبە لە کەرکووک، ڕایگەیاند: "لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک کە پێکدێن لە یەکێتی و پارتی و یەکگرتوو و شیوعی و حزبی زەحمەتکێشان و سوشیالیست و بزووتنەوەی ئیسلامی لیستێکمان دروست کرد بە ناوی ھاوپەیمانیی (کەرکووک چارەنوسمانە)، بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق".

بەڵام، عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کەرکووک-گەرمیان، ڕایگەیاند: "بەداخەوە لە کەرکووک ھەر لە سەرەتاوە گۆڕان و کۆمەڵ و ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی لیستیان دروست کرد و خۆیان لە زۆینەی لایەنە سیاسییەکان جیا کردوە بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق".

عەدنان کەرکووک، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، حزبە کوردستانییەکانی تر ڕایان وایە کە پێکەوە بەشداری لەو ھەڵبژاردنەدا بکەین و کۆبوونەوەیەکیان بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامداوە و ناو و لۆگۆی ئەو لیستەیان دیاری کردووە".

ڕوونی کردەوە: "ئێمە لاریمان نییە لە ناو و لۆگۆی لیستەکە، ماوەتەوە وردەکارییەکانی ئەو ھاوپەیمانییە تاوتوێ بکەین و لە ھەفتەی داھاتووشدا کۆبوونەوەلایەکی لایەنە سیاسییەکان دەکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە، بەڵام مەبدەئیەن ئێمەش لەگەڵ یەک لیستین لە کەرکووک".

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ١٢ی ئایاری ٢٠١٨ی دەستنیشان کردووە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیاری نەداوە کە لەو ڕۆژەدا ئەو ھەڵبژاردنانە بکرێت.














باسنیوز
Top