ئەنجومەنێک بۆ بەدواداچوونی کێشەکانی خورماتوو پێکھێنرا

 ئەنجومەنێک بۆ بەدواداچوونی کێشەکانی خورماتوو پێکھێنرا
ژمارەیەک لە کەسایەتی و چالاکوانانی خورماتوو، لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شاری کەلار، دامەزراندنی ئەنجومەنی جەماوەریی خورماتوویان ڕاگەیاند.

رۆژی شەممە 13.1.2018، بورھان عادل، ئەندامی ئەنجومەنەکە، لەپرێس کۆنفڕانسێکدا دروستکردنی ئەنجومەنی جەماوەری خورماتووی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ئەنجومەنەکە هەوڵ دەدات بۆشایی سیاسیی و ئیداریی کورد لە خورماتوو، پڕ بکاتەوە.

بورهان عدل هەروەها رایگەیاند، دوای 16ـی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی شاری خورماتوو لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە، کارەساتی مرۆیی بەسەر کوردانی ئەو شارەدا هات و سەرجەمیان شارەکەیان چۆڵ کرد.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەوڵ دەدەن دەنگی کوردانی ئاوارەبووی خورماتوو بگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەکان، جگە لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەڕێگای ئاشتییانە.

بورهان عادل جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەنجومەنەکەیان ئامانجی ئەوەیە کوردانی خورماتوو بگەڕێنێتەوە شارەکە، دوای ئەوەی هێزێکی بێلایەن لە شارەکە بڵاو دەکرێتەوە و ئاسایشی هاووڵاتییان بە هەموو نەتەوە و ئایینەکانەوە دەپارێزێت.

ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".

ڕۆژی ٢٧/١٢/٢٠١٧ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.












باسنيوز
Top