بەهۆی لیستەکەی گۆڕان و کۆمەڵەوە بەشێک لە دەنگەکانی کورد لە کەرکووک دەفەوتێت

 بەهۆی لیستەکەی گۆڕان و کۆمەڵەوە بەشێک لە دەنگەکانی کورد لە کەرکووک دەفەوتێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئەگەر لیستەکەی گۆڕان و کۆمەڵ و ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، دەنگی پێویست بە دەست نەھێنێت، ئەوا بەشێک لە دەنگەکانی کورد لە کەرکووک دەفەوتێنێت.

ئەمڕۆ شەممە 13/1/2018، شوان محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرپرسی ئەو حزبە لە کەرکووک، ڕایگەیاند: "لە کەرکووک، گۆڕان و کۆمەڵ و ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی بە لیستێک بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان دەکەن، ھەڵبەتە پێیانوایە بەرژەوەندییان لەوەدایە کە لیستێکی جیاوازیان پێکھێناوە".

ھاوکات شوان محەمەد، ئەوەشی خستە ڕوو: "لەم بارودۆخەی ئێستا یەک لیستی بۆ کورد باشە و بۆ لایەنەکانی بەرامبەر بە کورد گرنگبوو، چونکە جیاوازیی بیروڕا دروست نابێت و ئەو کاتە ھەمووان بە یەک لیست بەشدار دەبووین، بەڵام دیارە گۆڕان و کۆمەڵ بەرنامەی خۆیان ھەیە بۆ کەرکووک".

ڕاشی گەیاند: "پێشتر ئێمە وەک لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک کۆبوونەوەمان ئەنجام داوە و لەو کۆبوونەوەدا ھەموو لایەکمان ھاوڕابووین کە کورد بەیەک لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکات، بەڵام دیارە لەسەرەوەی سنووری کەرکووکەوە، پڕۆژەی دروستکردنی لیستەکەی گۆڕان و کۆمەڵ ھەبوو، تەنانەت بەرپرسانی گۆڕان و کۆمەڵ لە کەرکووک لە کۆبوونەوەکانمان مەبدەئیەن لەگەڵ یەک لیستی بوون، بەڵام دواجار لیستیان بەجیا ڕاگەیاند".

وەک شوان محەمەد، ئاماژەی بۆ کرد: "دۆخی ئێستای کەرکووک ھی ئەوە نییە کە باڵێک لە ناو ماڵی خۆمان دروست بکەین".

ڕوونی کردەوە، دروستکردنی ئەو لیستە بەشێک لە تواناکان دەبات بۆ ململانێ، بە نموونە لەبانگەشەی ھەڵبژاردندا لیستە کوردستانییەکان لەبری ئەوەی ململانێ یەکتری بکەن، دەبوو بێنە ناو ململانێی لیستەکانی ترەوە، بێ گومان ئەگەر ئەو لیستە دەنگیش نەھێنێت ئەوا دەنگەکان دەفەوتێت.

لەدواھەمین ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆڕان و کۆمەڵ لە کەرکووک نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەست بھێنن بۆ ئەوەی نوێنەرەکانیان بنێرنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق 12ی ئایاری 2018ی دەستنیشان کردووە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری نەداوە کە لەو ڕۆژەدا ئەو ھەڵبژاردنانە بکرێت.











باسنیوز
Top