سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: جاشێتی و پەنابردنە بەر دەوڵەتی عێراق سەری هەڵداوەتەوە
ئارێز عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە لە هەولێر ئەنجامی دا، وەڵامی ئەو تۆمەتەی کردبوو کە پێشتر لە بەغداوە ئاراستەی کرابوو، گوایە بڕوانامەکەی ساختەیە و ڕای گەیاند: ”لە دادگای ڕەسافە دەرکەوت کە تۆمەتەکە هەڵبەستراوە، ئەوانەی تۆمەتەکەیان هەڵبەست، ناسراون بە جاشایەتی. بەبێ ئەوەی داوای ڕاستی و درووستیی بڕوانامەکەم لە پەروەردەی هەولێر بکەن، داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان لەسەر کردبووم و لە میدیاکانیشدا بە بەرنامەیەکی داڕێژراو لە دژمدا بڵاویان کردبووەوە“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دوو کەس لەنێو فراکسیۆنە کوردستانییەکاندا ئەو تۆمەتەیان ”بۆم هەڵبەستووە“.
ئارێز عەبدوڵا هۆشداریی توندیشی دا لە سەرهەڵدانەوەی جاشێتی و ڕای گەیاند: ”خەریکە جاشێتی و تۆمەتبارکردنی یەکتر لەنێو میللەتەکەمان دروست دەبێتەوە. لە ١٩٩١ ئەو جاشانەی تاوانیشیان کردبوو، بەر لێبووردنی گشتی کەوتن، بەو ئومێدەی جارێکی دیکە جاشێتی و نۆکەری بۆ هیچ کەسێک نەکرێ، بەڵام ئێستا خەریکە جارێکی دیکە پەنا دەبرێتە بەر دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراق“.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بە دووریشی نەزانی لەمەودوا شتی ئەو جۆرە تۆمەتە دووبارە ئاراستەی کەسانی سیاسی و نیشتمانپەروەرانی کورد و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت.
پێشتر شوان داودی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە میدیاکانی سلێمانی ڕاگەیاندبوو کە ئارێز عەبدوڵا لە وتەکانیدا لەبارەی ئەوانەی تۆمەتەکەیان ئاراستەی کردووە، ”مەبەستی منە“.
ئەم قسانەی ئارێز عەبدوڵا لەبارەی سەرهەڵدانەوەی جاشێتی کە لە 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوودا، گرووپێکی خیانەتکار بە نهێنی ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان کرد و بەهۆیەوە کەرکووک و ناوچەیەکی بەرفراوانیان لە هەرێمی کوردستان ڕادەستی هێزە عێراقییەکان کرد کە دواتر ئەو کارەیان بە ”گەورەترین خیانەت لە مێژووی نوێی کورد“ وەسف کرا.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنیوز
