پارێزگاری سەڵاحەدین بەڕێوەبەری شارەدێیەک بۆ وەرگرتنی پۆستی قایمقامی خورماتوو راسپاردووە
پارێزگاری سەڵاحەدین بەڕێوەبەری شارەدێی (عەلەم)ی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین بۆ وەرگرتنی پۆستی قایمقامی خورماتوو ڕادەسپێرێت.
جەمال عەگاب، گوتەبێژی پارێزگاری سەڵاحەدین، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، ئەوەی خستووتەڕوو: "ئەحمەد عەبدوڵا جبوری، پارێزگاری سەڵاحەدین، لەیس حەمید خەڵەف، بەڕێوەبەری شارەدێی (عەلەم)ی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینی ڕاسپاردوووە بۆ وەرگرتنی پۆستی قایمقامی خورماتوو بە وەکالەت".
بە پێی زانیارییەکانd لە دوای داگیرکردنی خورماتوو لە لایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حەشدی تورکمانییەوە، ھەموو ھەوڵێکیان خستەگەڕ بۆ لادانانی شەلال عەبدول، قایمقامی خورماتوو لە پۆستەکەی، بەڵام بەھۆی ئەوەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شاری خورماتوو نیسابی یاسایی تەواو نەدەکرد و نەدەتوانرا قایمقامی خورماتوو لە پۆستەکەی دوور بخەنەوە، تا دواجار دوێنێ چوارشەممە 10/1/2018، کۆبوونەکە نیسابی یاسایی تەواو کرد و قایمقامی خورماتوویان لە پۆستەکەی دوور خستەوە.
پێشتر، سەردار ئەحمەد، سکرتێری ئەنجومەنی شاری خورماتوو ڕاگەیاندبوو: "رۆژی چوارشەممە ٢٠١٨/١/١٠، ئەنجومەنی شاری خورماتوو بە ئامادەبوونی پێنج ئەندامی عەرەب و حەوت ئەندامی تورکمان و لەژێر فشاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدا و بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی کوردی ئەنجومەنەکە، شەلال عەبدول، قایمقامی قەزای خورماتوویان لە پۆستەکەی دوور خستووەتەوە".
چاودێران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی شاری خورماتوو نا یاسایی بووە لە بەر ئەوەی قایمقامی خورماتوو ئێستا مۆڵەتی فەرمی لە پارێزگاری سەڵاحەدین وەرگرتووە و ھاوکات بەشداریکردنی ئەندامانی لیستی عەرەبی ئەنجومەنی خورماتوو لە ژێر ھەڕەشەی چەکدارانی حەشدی شەعبیدا بووە.
شاری خورماتوو، یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و دانیشتووانەکەی بە 200 ھەزار کەس دەخەملێندرێت و لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک، خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
bas news-
