خورماتوو.. ھێزێکی عێراقی دوای گەیشتنیان بە شارەکە دەستیان بە تاڵانکردن کرد
ھێزێکی عێراقی، بەبیانووی پاراستنی دۆخی ئێستای خورماتوو ھاتونەتە شارەکە، سەرچاوەیەک ئاشکرای دەکات لەگەڵ گەیشتنی ھێزەکە دەستیان بە تاڵانکاری کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11/1/2018، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە خورماتوو کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکەین، ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی لە چەند رۆژی ڕابردوو شاندێکی کۆمەڵایەتیی خورماتوو سەردانی بەغدا و کەربەلایان کرد و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی ئەنجام دا، بۆ خستەڕووی تاوانەکانی حەشدی تورکمانی کە لە خورماتوو دژ بە کوردەکان ئەنجامیان داوە".
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، دوای کۆبوونەوەکە بەرپرسانی حکوومەتی عێراق بڕیاریانداوە بۆ ڕێگە گرتن لە کردەوەکانی حەشدی تورکمانی لە خورماتوو، بڕیاری ناردنی (ھێزێکی بەرپەچدانەوەی خێرای)ی سەر بە حکوومەتی عێراقن، بنێرن و دوێنێ چوارشەممە ئەو ھێزە گەیشتنە خورماتوو و لەگەڵ گەیشتنی ھێزەکە بە خورماتوو، دەستیان بە تاڵانکردنی ماڵە کوردەکانی گەڕەکی برایەتی کردووە.
دوای داگیرکردنی خورماتوو لەلایەن میلیشیاکانی حەشی شەعبییەوە، ئەو چەکدارانە دەستیان بە ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی دژ بە ھاووڵاتیانی خورماتوو کرد و دەستیان بە تاڵانکردن و تەقاندنەوەی خانووی ھاوولاتییانی کوردی خورماتوو کرد.
ڕۆژی 16 ئۆکتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
bas news-
