هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چەندین بەربەستی لەبەردەمدایە

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چەندین بەربەستی لەبەردەمدایە
حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵات دەستیان بە تۆمارکردنی ناو و قەوارەکانیان کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا یاسای پێوەندیدار پەسند نەکراوە و هەندێ لایەنیش تێبنییان لەسەر کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە هەیە.



بڕیارە ڕۆژی ١٢ی ئایاری داهاتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەو پرۆسەیە چەندین بەربەستی لە پێشە و سەرەڕای ئەمەش، ڕەنگە شیعەکان کە خاوەنی زۆرینەی دەنگن لە پەرلەمانی بەغدا، ئەو پرسە یەکلا بکەنەوە.

بەربەستی سەرەکی و تێبینیی عەرەبی سوننە، "کات"ی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە. سوننەکان جەختیان کردووەتەوە بەو هۆیەی ناوچەکانیان لە شەڕی داعشدا وێران بوونە و خەڵکێکی زۆریان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بووە، ڕێژەی دەنگەکانیان کەم دەبێتەوە.

هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە ناوماڵی سوننە یەکڕیز نییە و بەشێکیان بەسەر لایەنە شیعەکاندا دابەش بوونە.



کوردیش سەرەڕای ئەوەی بەئاشکرا بۆچوونی خۆی لەبارەی کاتی هەڵبژاردنەکەوە دەرنەبڕیوە، بەڵام لەوە بێگومانن کە بە هۆی داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ژمارەی دەنگی کورد لەو ناوچانە کەم دەبێتەوە.

نەدا مێرگەسووری بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە دووری دەبینێ بە هۆی "کەشی سیاسیی عێراقەوە"، هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت.

مێرگەسووری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "ئێمەش وەکوو پارتی تا ئێستا لێمان دیار نییە هەڵبژاردن دەکرێ یان نا، بۆیە بەرچاومان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتیش ڕوون نییە."

ناوماڵی شیعەش تا ڕاددەیەک لەوبارەیەوە یەک نییە. ئەوەی کە زۆر پەلە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەکات، کەس و لایەنەکانی سەر بە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراقن. هەموو لایەنەکان لەسەر ئەوە کۆکن، کە عەبادی توانی بە تەواوی دۆخی عێراق لە بەرژەوەندیی خۆیدا و بۆ پڕۆپاگەندەیەکی هەڵبژاردن بەکار بێنێت.

جیا لەو هەڵوێستانە، بەربەستی یاساییش لە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردندا هەیە و ئەگەری بەڕێوەچوونی لە کاتی خۆیدا "ئەستەم" دەکات. پرۆژەیاسای هەڵبژاردنەکان و بوودجەی وڵات، لەو بەربەستانەن.

نەدا مێرگەسووری دەڵێت: "تا ئێستا خوێندەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەکراوە و تانەت کوتلەکانیش تێبینیی خۆیانیان لەسەر نەداوە. ڕۆژی بەڕیوەچوونی پرۆسەکە نزیکە و ئەوە لە کاتێکدایە کە تەنانەت ئێمە پرۆژەیاسای بوودجەی ئەمساڵیشمان پەسند نەکردووە."

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەیەوێ ئەم جارە دەنگدان بە شێوەی ئەلکترۆنی بێت و ئەمەش بە یەک لە کێشەکانی دیکەی بەردەم پرۆسەکە هەژمار دەکرێ.

زۆربەی لایەنە عێراقییەکان تێبینییان لەسەر شیوەی دەنگدان، ژمارەی دەنگی هەر کورسییەک و بازنەی هەڵبژاردن هەیە.

بە پێی قسەکانی نەدا مێرگەسووری تەنانەت ئەگەر بە یاسای پێشوو هەڵبژاردنەکانی بەڕێوە بچێت، دیسانیش هەر کێشە هەیە و هۆیەکەیشی داواکەی کۆمسیۆنە بۆ دەنگدان بە شێوەی ئەلکترۆنی.
kdp-
Top