گۆڕان لە لاساییکردنەوەی نەوشیروان مستەفا لەلایەن شاسوار عەبدولواحید نیگەرانە

 گۆڕان لە لاساییکردنەوەی نەوشیروان مستەفا لەلایەن شاسوار عەبدولواحید نیگەرانە
بەرپرسانی گۆڕان ڕای دەگەیەنن کە لەوە نیگەرانن، شاسوار عەبدولواحید کە ئێستا خۆی بە سەرۆکی گرووپێکی سیاسی دەناسێنێت، لاسایی نەوشیروان مستەفا، دامەزرێنەری بزووتنەوەکەیان دەکاتەوە.

نەسرین جەمال، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕايگەیاند: ”شاسوار عەبدولواحید، قەوارەیەکی سیاسی داناوە، ئەو لە دەسپێکی کارەکانیدا بەچەپ و ڕاستدا ھێرشی توند دەکاتە سەر لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی بەشێوەیەکی نەزانانە ڕمی ڕەخنەکانی ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان کردووە، لەکاتێکدا بزووتنەوای گۆڕان ھیچ ھەڵەیەکی بەرامبەر شاسوار عەبدولواحید نەکردووە، بۆیە ھێرشەکانی ئەو بۆ سەر گۆڕان نائاقڵانە و نەشارەزاییە لەکاری سیاسی“.

ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”شاسوار عەبدولواحید، بەناوی نەوشیروان مستەفا قسە دەکات، دیارە لە کۆبوونەوەیەکدا گوتویەتی (من ھاتووم ئەو کارانەی کاک نەوشیروان تەواو بکەم کە مەرگ ڕێگەی نەدا تەواویان بکات)، بەڵام ئەو لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا نییە تاوەکو ھاتبێ کارەکانی نەوشیروان مستەفا تەواو بکات، ھەروەھا خودی کاک نەوشیروان بزووتنەوەی گۆڕانی درووست کردووە و خاوەنی دەستووری خۆمانین“.

نەسرین جەمال باسیشی لەوە کرد کە شاسوار عەبدولواحید ”سەنگەری بۆ ناو گۆڕان نەگواستووەتەوە تاوەکوو کارەکانی ڕێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەی گۆڕان تەواو بکات“.

دووپاتیشی کردەوە: ”شاسوار عەبدولواحید، بەشێوازی جل و بەرگەکانی ناتوانێ نمایشی خۆی بکات، یان وەکوو کاک نەوشیروان خۆی نیشان بدات“.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە نێو خەڵکیدا بڵاو بووەتەوە، لە ماوەی ڕابردوودا قادری حاجی عەلی، یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی گۆڕان، هۆشداری بە شاسوار عەبدولواحید داوە، تاوەکوو لاسایی نەوشیروان مستەفا نەکاتەوە. لەمبارەیەشەوە نەسرین جەمال ڕايگەیاند: ”ئاگاداری ئەوە نیم کە قادری حاجی عەلی یان هیچ ھەڵسوڕاوێکی دیکەی گۆڕان ھۆشداری دابێتە شاسوار عەبدولواحید، بەڵام ئەوەندە دەزانم، ماوەیەکە بەبێ ھۆکارێکی دیاریکراو، ڕەخنەی توند لە گۆڕان دەگرێت“.








باسنيوز
Top