کەرکووک.. لە سایەی حەشدی شەعبیدا دەیان پۆست لە کورد وەرگیراوەتەوە
ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕايگەیاند: "گوتەکانی شەوی ڕابردووی ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی لە کەرکووک لە کەناڵی کوردستان 24، دەرخەری ئەو ڕاستییە کە دۆخی کەرکووک نائارامە، چونکە ئەوان پێشتر دەیانگوت کەرکووک و خورماتوو ئارامە، ئێستاش لە کردەوەکانی حەشدی شەعبی ناڕازین، چونکە چەندین بەرپرسی ئیداری کورد کە لەسەر پشکی یەکێتین لە پۆستەکانیان لابراون".
بەرپرسی لێژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی، جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەو بڕیارانەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە دەرکراون، دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە سەرجەمیان ھەڵدەوەشێنرێنەوە، گوتیشی: "بۆ نموونە لەسەر بڕیاری لادانی قایمقامی خورماتوو لە پۆستەکەی کە ھەموومان وەک کورد دژی لادانی (شەلال عەبدول)ین لەم بارودۆخەی ئێستا، چونکە شتێکی وای نەکردووە تا لە ڕووی یاساییەوە لاببرێت".
ئاماژەی بەوەش دا: "تائێستا ھیچ شتێکی لەو جۆرە نییە بۆ ئەوەی کوردێک بۆ پۆستی قایمقامیەتی خورماتوو دابنێن، ئەگەر بێت و کوردێک دابنرێت، نازانرێت لە چی لایەنێک دەبێت، چونکە تا ئێستا لەسەر ئەو پرسە یەکێتی و پارتی کۆنەبوونەتەوە".
لە ژێر سایەی دەسەڵاتەکەی حەشدی شەعبیدا، تاوەکو ئێستا لە کەرکووک، خورماتوو، داقووق و دووبز، زیاتر لە 80 پۆستی ئیداری و سەربازی لە کورد وەرگیراوەتەوە و لە شوێنەکانیان عەرەب و تورکمان دانراوە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک، خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت، سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد، نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنيوز
