داوا دەکرێ گرووپی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر لە سزای دادگای گەل بگەیەندرێن

 داوا دەکرێ گرووپی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر لە سزای دادگای گەل بگەیەندرێن
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، پێویستە گەل دادگای خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتیی بکات کە بە رَیککەوتن کەرکووک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنورەیان ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کرد.



رۆژی چوارشەممە 10/1/2018، مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە ئەگەر خیانەتی گرووپێک نەبووایە کە بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە هێزەکانی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاشەکشە بکەن، حکوومەتی عێراق جورئەتی ئەوەی نەدەکرد هێرش بکاتە سەر پێشمەرگە. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دەبێ دادگای گەل بۆ خیانەتکاران هەبێت.



هەر لەمبارەیەوە نووری حەمەعەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ھێزەکانی پێشمەرگە بەرەنگاری دوژمنانی عێراق و کوردستان و مرۆڤایەتی بووەوە کە تیرۆریستانی داعش بوون، چونکە سوپاکەی عەبادی و مالکی نەیاندەتوانی ڕووبەڕووی ئەو تیرۆریستانە ببنەوە و ھەروەھا پێشمەرگە توانی شکۆی داعش تێکبشکێنێت، بەڵام بەداخەوە ھەموومان بینیمان کە بەھۆی خیانەتی گرووپێکی ناو یەکێتیی کەرکووک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنورەیان ڕادەستی حەشدی شەعبی کرد و ئەگەر رێککەوتن نەکرایە بەو ئاسانییە میلیشیاکان نەیاندەتوانی بێنە پێشەوە".



ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ھەمان ئەو ھێزانەی پێشمەرگە بوون کە لە پردێ و مەخموور و شوێنەکانی دیکە بەرخۆدانیان دژ بە داگیرکاریی حەشدی شەعبی کرد و بەرگری کرا و ڕووبەڕوویان بوونەوە و توانییان پێشڕەوییەکانی داگیرکەران ڕابگرن".



ھاوکات نوری حەمەعەلی، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "باجی ئەو خیانەتە ھەموو کوردێک دەیدات و ئەو غەدرەی کە میلشیاکانی حەشدی شەعبی دژ بە خورماتووییەکان دەکرێت، پێمان وایە کە لە ھەموو کوردێک دەکرێت".



ئەو سەرکردەیەی پارتی نەیشاردەوە کە گرووپە خیانەتکارەکە ”تا ئێستا لە پیلانگێرییەکانیان لە دژی کورد بەردەوامن“. بۆیە بە پێویستی زانی ”گەل ئەو خیانەتکارانە دادگایی بکات گەلیش سزایان بدات".





ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".



ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.



باسنیووز
Top