کۆنگرەی دامەزراندنی حزبەکەی بەرهەم ساڵح بەڕێوە دەچێت
ئەمڕۆ چوار شەممە 10/1/2018 لە شاری سلێمانی، کۆنگرەی دامەزراندی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کە بەرھەم ساڵح، دامەزرێنەریەتی، دەستی پێکرد.
دەلیل جەمال کە خۆی بە ”ھاودیدی ھاوپەیمانی بۆ دیموکارسی و دادپەروەری“ وەسف کرد، ڕاگەیاند: ”ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری وەک لایەنێکی سیاسی، ئەمڕۆ کۆنگرەی دامەزراندن ئەنجام بدات، چونکە ماوەیەکە مۆڵەتی فەرمیمان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق وەرگرتووە، بێگومان ھەر لایەنێکی سیاسی مۆڵەت وەربگرێت، بەپێی یاساکانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، دەبێت کۆنگرە ببەستێت، تاوەکوو پەیڕەو و پرۆگرام دیاری بکات“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”لە کۆنگرەکەی ئەمڕۆدا ھەڵبژاردن بۆ سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە دەکرێت، هەروەها گفتوگۆی چڕوپڕ لەبارەی دیاریکردنی پەیڕەو و پرۆگرامی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دەکرێت“.
ئاماژەی بەوەش دا، تائێستا ھیچ کەسێک خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ھاوپەیمانێتییەکە دیاری نەکردووە، چونکە بە گوتەی ئەو، ”کۆنگرە ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە“. گوتیشی: ”ئەوەی کە دیار بێت، خودی بەرھەم ساڵحە کە بێگومان لە ھۆڵی کۆنگرەدا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دەکرێتەوە“.
bas news-
