پێنجوێن.. بەھۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ماڵێک سووتێنرا
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 10/1/2018، لەئاکامی رووداوێکی کۆمەڵایەتی، لەیەکێک لە گەڕەکەکانی ناو شارۆچکەی پێنجوێن، ماڵی ھاووڵاتییەک سوتێنرا.
محەمەد نەریمان، لێکۆڵەر لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بەرگریی شارستانی پێنجوێن، راگەیاند: "بەداخەوە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەسنووری شارەدێی گەرمکی سەر بە شارۆچکەی پێنجوێن، لەرووداوێکی نەخوازراودا، گەنجێک کوژرا و دوانی دیکە برینداربوون، ئێوارەی ئەمڕۆ بنەماڵەی ئەو گەنجە کوژراوە، ماڵی کەسێکی تریان لەگەڕەکی راپەڕین کە دەکەوێتە بەشی خوارەوەی پێنجوێن، سوتاندوە کە پێیان وابووە دەستی لەکوشتنی گەنجەکەدا ھەبووە".
ئەو لێکۆڵەرە، ئەوەشی خستە روو، کە بەپێی ئەو خەمڵاندنەوەی وەک پۆلیسی بەرگری شارستانی بۆ ئەو رووداوەمان کردووە، لەبەرئەوەی ئەو ماڵە بە نەوت سوتاوە و زۆر گەورە بووە، زیانی 30 ھەزار دۆلاری بەرکەوتووە".
ئاشکراشی کرد، لەئێستا لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسی ناوخۆوە و لەسەر بڕیاری دادوەر، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو رووداوە کراوەتەوە و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ بکەرانی سووتانی ماڵەکە دەرچووە.
bas news-
