ENKS بۆ PYD: دەستبەسەرکراوان ئازاد بکە

 	 ENKS بۆ PYD: دەستبەسەرکراوان ئازاد بکە
ئەنجوومەنی نشتیمانیی کورد لە سووریا، لە بەیاننامەیەکیدا داوا لە پەیەدە دەکات ئەو کەسانەی دەستبەسەری کردوون، ئازاد بکات.

ئەنجوومەنی نشتیمانیی کورد لە سووریا لە بەیاننامەیەکیدا کە کۆپیێک بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ناردووە و تیایدا هاتووە، "دەمێکە ئەنجوومەنەکەمان لە چەندین کۆنگرەی نێودەوڵەتی پشکداری دەکات بۆ ئەوەی لە سووریا مافە رەواکانی گەلی کورد بەدەست بێنیت، کەچی پەیەدە خەریکی دەستگیرکردنی سەرکردە و لایەنگرەکانمانە و بارەگاکانمان دەستووتێنێ، ئەمەش پێچەوانەی هەموو پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤە و دەبێت پەیەدە خۆیان دوور بگرن لەم کارانە، چونکە ئەمە هەڕەشەیە لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە رۆژئاوادا."

بەیاننامەکە رێککەوتنی هەولێر و دهۆک دەهێنێتەوە بەر باس و دەڵێ "کەشیکی لەبار هاتبووە دی و بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کە گفتوگۆکان لە نێوانمان لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەست پێبکەین، کەچی ئەوان دژایەتیی ئەنجوومەنی نشتیمانیی کوردیان کرد و ئەندامەکانیان دەستگیر کردن و سیستەمی خۆێندن بە ئایدۆلۆژی کران و بارەگاکان سووتێندران."

ئەنەکەسە لە بەیاننامەکەیدا هەروەها دەڵێ، "ئێمە وەک ئەنەکەسە هەموو ئەم رەفتارانە ئێدانە دەکەین و، داوا لە پەیەدە دەکەین خۆیان دوور بگرن لەو جۆرە رەفتارانە، چونکە ئەم رەفتارانە خزمەت بە گەلی کورد و کەیسی کورد لە رۆژئاوا ناگەیێنن، بە پێچەوانە ئەمە دەبێتە هەرەشە لەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی."
kdp-
Top