نیعمەت عەبدوڵڵا: ئەگەر کورد بە یەک لیست و یەکگرتوو بچێتە بەغدا براوە دەبین
دوای بڕینی مووچە و بودجەی ھاووڵاتییانی کوردستان و کۆتاییھاتنی شەڕی داعش لە عێراق بەغدا خۆی بە سەرکەتوویی دەبینێت و چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، بەغدا بەھێز نییە، ئەوە ھەرێمی کوردستانە پەرتەوازە بووە و ھەرکاتێک کورد یەکگرتوو بێت بەرامبەر بەغدا، عێراق ئەو دەوڵەتە نییە بەرامبەر کورد بوەستێتەوە. لەم بارەیەوە نیعمەت عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "باشترین ڕێگە بۆ بەشداریکردنی کورد لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق لەسەر ئاستی ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و جەماوەری کوردستان، زۆر گرنگە لایەنە سیاسییەکان ھەموو بە یەکەوە و بە یەک لیست بچنە ھەڵبژاردنەکانەوە، چونکە ھەموو بەرژەوەندییەکانی میللەتی ئێمە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و دیبلۆماسییەوە بەھێز دەبێت، کە ئێمە لیستێکی گەورە و ھاوپەیمانیمان ھەبێت و بە یەک دەنگ بەشداری بکەین، ئەوکاتە حیسابێکی دیکە بۆ ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بوونی یەکگرتوویی لە بەرامبەر بەغدا، واتە ھەرێمێکی بەھێزی کوردستان."
لە یەکەم ھەڵبژاردنی عێراقدا، دوای پڕۆسەی ئازادکردنەکەی ساڵی ٢٠٠٣، کورد بە فڕاکسیۆنێکی بەھێز لە نێو ئەنجومەنی نووێنەرانی عێراقدا کاریان دەکرد و بەو ھۆیەوە چەندین دەستکەوتی گەورەی بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکەی نێو عێراق و کوردستانیش بەدەست ھێناون.
نیعمەت عەبدوڵڵا گوتی: "بە پێچەوانەوە ھەرلایەنێک بۆ خۆی بچێتە بەغدا و بەشدار بێت لە ھەڵبژاردنەکاندا ئەوە لاوازیی ئێمە پێشان دەدەدات و کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر داواکاریی کورد لە عێراقدا، یەکڕیزیی کورد لە بەغدا دەتوانێ دواڕۆژی عێراق بگۆڕێت و ئامانجەکان بەدی دێن، دروستکردنی کیانی بچووکی کوردی لە بەغدا ھەیبەت بۆ کورد ناھێڵێتەوە، ھەتا من بە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی دەزانم لەم قۆناغەدا یەکگرتوویی ھەبێت لە نێوان ھەموو ھێز و لایەنە کوردستانییەکاندا."
kdp-
