سەعدی پیرە: داوا کراوە لایەنە سیاسییەکان بەیەک لیست بەشداریی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن

 سەعدی پیرە: داوا کراوە لایەنە سیاسییەکان بەیەک لیست بەشداریی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن
گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشمانیی کوردستان ڕای گەیاند، پارتی و یەکێتی گفتوگۆیان کردووە ھەتا لایەنە سیاسییەکان بە یەک لیست بەشداریی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن و پێی وایە بەشداریی لایەنە سیاسییەکان بە یەک لیست لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودای عێراق پێگەی کورد بەھێزتر دەکات.



سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەمبارەوە، ڕاگەیاند، یەکێتی و پارتی لە کۆبوونەوەکانیاندا داوایان لە لایەنە سیاسییەکان کردووە بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا بە یەک لیست بەشداری بکەن، چونکە حزب ھەیە دەنگێکی کەم دەھێنێت، لە دواییدا دەنگەکەشی دەفەوتێت، بەڵام ئەگەر لایەنە ساسییەکانی کوردستان، بە یەک لیست بەشداریی ھەڵبژاردنەکان بکەن، بێگومان یەکدەنگیی کورد بە ھەدەر ناڕوات".



گوتەبێژەکەی یەکێتی ڕوونیشی کردەوە: "بەشداریی لایەنە سیاسییەکان بە یەک لیستی سەربەخۆ بۆ ھەڵبژاردنەکانی عێراق، کارێکی باشە، چونکە پێگەی کورد بەھێز دەکات، ھەروەھا ئەگەر کورد لەناو خۆیدا یەکگرتوو بێت، یان لیستێکی سەربەخۆی ھەبێت، بێگومان ئەوکاتە کورد قورساییەکی زیاتری دەبێت."



سەعیدی ئەحمەد پیرە، ئاماژەی بەوەش دا: "لە کۆبوونەوەیەکی یەکێتی و پارتی ئەو قسەیە کراوە، بۆ ئەوەی دەنگەکانی کورد نەسووتێن، ئەگەر دەنگی ھەندێک حزب خۆیان بەشداریی ھەڵبژاردن بکەن و دەنگەکانیان کۆ بکرێتەوە دەکاتە دوو کورسی، بەڵام ئەگەر لیستێکی سەربەخۆ ھەبێت، بێگومان ئەو دەنگانە ناسووتێن و کورسییەکانی کوردی پێ زیات دەبێت".



گوتەبێژەی یەکێتی ئەوەشی خستە روو: "ئەفەندی وا ھەیە پێی وایە ئەگەر دەنگی کورد بە زایە بڕوات، بەلایەوە ئاساییە، بە جۆرێک بیر دەکاتەوە وا دەزانێ خۆی دەنگێکی زۆرتر دەھێنێت، بەڵام ئێستا ئەو ھەموو فشەیەی دەکرێت ئەوەی (لای عەبد خەیاڵە، لای خودا بەتاڵە) دواجار لە ھەموو حاڵەتێکدا باشتر وایە ئێمە ھەمووومان بۆ ئەوەی پێگەی کورد بەھێز بکەین، بە یەک لیست بەشداریی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بکەین".




باسنیوز
Top