ڕێکخەرێکی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات: پەرلەمانتارەکانی گۆڕان لە ھاووڵاتییەکی عێراقی زیاتر عێراقچێتی دەکەن
ناسیح عەبدولڕەحیم، ڕۆژنامەنووس و یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی ١٧ی شوبات، ڕاگەیاند: ھۆشیار عەبدوڵا و ئارامی شێخ محەمەد، وەک دوو پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ناتوانن بە سەربەخۆیی ھیچ بڕیارێک و ھەڵوێستێکی خۆیان ھەبێت، چونک ھەڵسوکەوتەکانیان گوزارشت لە بەرنامەی حیزبەکەیان و ھەندێکجاریش لە بۆچوونی ئەو کوتلە و بەرپرسانەی ناو گۆڕان دەکات کە ئەوانی ناردووە بۆ بەغدا و کردوونی بە پارلەمانتار، بەڵام سەرباری ھەموو ئەمانە ھیچکام لەو دوو پارلەمانتارە بە فراکسیۆن و بزووتنەوەکەشیانەوە، خەمی خەڵک و بەرژەوەندیی نەتەوەیی نەیبردوونەتە بەغدا".
ئەو ھەڵسووڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەو پەرلەمانتارانە ”کاتێک لە بەغدان، لەبەر خاتری بەغدا لەوێن، نەوەکوو لەبەر خاتری مافەکانی گەلی کورد“. گوتیشی: ”ئەو دوو پەرلەمانتارەی گۆڕان، بەشێکی گرنگن لەو بەرەیەی کە وڵاتانی ئیقلیمی بەڕێوەی دەبەن و ئاڕاستەی دەکەن، ھەروەھا ئەوەی ئێستا ئەوان دەیکەن، شتێکی ئاسایی و چاوەڕوان کراوە بۆیان، بە درێژایی مێژوو و لە سەردەمی ھەموو دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا، کۆمەڵێک ھاووڵاتیی کوردزمان ھەبوون کە بەرژەوەندیی شەخسی و ئیمتیاز وای لێکردوون، پشت لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی بکەن".
ناسیح عەبدولڕەحیم جەختی لەوەش کردەوە: "بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، ھیچ پێگە و دەنگێکیان نەبووە، بەڵکوو ھەڵبژێردراوی دەستەبژێری کەسێک بوون کە کاتی خۆی بە دەیان سەرکردە و بەرپرسی یەکێتی (ئاش) لە سەردەمی شاخدا بە تۆمەتی عێراقچێتی سزا داوە، بەڵام ئێستا ئەو نوێنەر و دەستەبژێرەی خۆیان لە بەغدا لە عێراقییەکان زیاتر عێراقچێتی دەکەن، بۆیە وەفای ئەمانە بۆ عێراقێکی شێواوی تائیفی، ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەمانە پێیان ناوەتە ناو یارییەکی ترسناکی ئیقلیمی، بەڵام لە دواڕۆژدا جگە لە پەشیمانی، ھیچ شتێکی لێ چاوەڕوان ناکرێت".
بە بڕوای ناسیح عەبدولڕەحیم، ھەمیشە خەڵکانێکی ”تازە پێگەیشتووی ھەڵتۆقیو“، لە بەرامبەر ڕووداوە نیشتمانییەکاندا ھەڵوێست و ڕەفتاری لەم جۆرەیان لێ چاوەڕوان دەکرێت، چونکە ”ئەمانە خۆیان نین، بەڵکوو وەک جێبەجێکاری خەڵکانێکی تر وان کە ئیشیان ئەوەیە جێبەجێی بکەن، چونکە لەسەرووی خۆیانەوە فەرمانیان پێ دەکرێت".
باسنیوز
