یەکێتی دەیەوێ لە رێگەی حکوومەتەوە دەسەڵاتی گۆڕان لە حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی لاواز بکات

 یەکێتی دەیەوێ لە رێگەی حکوومەتەوە دەسەڵاتی گۆڕان لە حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی لاواز بکات
لە کاتێکدا کە بزووتنەوەی گۆڕان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری کشانەوەی داوە و خۆی وەکو, ھێزێکی ئۆپۆزسیۆن ناساندووە، ھاوکات لەگەڵ یەکێتییش بڕیاری سڕکردنی ڕێککەوتنەکەی داوە و سەرکردایەتیی ھاوبەشی لەگەڵدا ھەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام نایەوێ لە حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی بکشێتەوە، یەکێتیش دەیەوێ لە رێگەی دەسەڵاتەکانی لە حکوومەتدا، دەسەڵاتی گۆڕان لە حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی لاواز بکات.



بەپێی زانیاریەکان گۆڕان بە ھیچ شێوەیەک نیازی کشانەوەی لە حکوومەتی خۆجێی سلێمانی نییە و ئەو داوایەشی کە یەکێتی بۆ دەستبەرداربوون لە پۆستەکانی لە سلێمانی کردبووی، دوای کشانەوەی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رەت کردووەتەوە.



رۆژی یەکشەمەی رابردووش بزووتنەوەی گۆڕان لەڕێگەی سەرۆکی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە دادگا سکاڵای یاسایی لە دژی جێگری سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە لە پشکی یەکێتین تۆمار کردووە.



لەمبارەیەوە، غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە پشکی گۆڕان کە سەرۆکی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانە لەو ئەنجومەنە،‌ لەڕێگەی میدیا فەرمییەکانی حزبەکەیەوە، رای گەیاندووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زیاتر لە ٣٥ پۆستی گشتیی لە سلێمانی ھەیە و لە ئەنجومەنەوە دەنگیان لەسەر نەدراوە و نایاسایین. ئاماژەی بەوەش داوە، کە جێگری سەرۆکی حکوومەت بە ئارەزووی خۆی خەڵک لادەبات و خەڵک دادەنێت ھیچ حسابێک بۆ ئەنجومەنی پارێزگا ناکات و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەن بەکار دەھێنێت، گوتووشیەتی: “بەپێی یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٩ی پارێزگاکان، دەبێت بەڕێوبەری شارەدێ و شارۆچکەکان لە ناو ئەنجومەنی پارێزگاوە دابنرێن یان لا ببرێن، بەڵام قوباد تاڵەبانی دەڵێی لە دیوەخانە و بەدڵی خۆی خەڵک دادەنێت و لای دەبات، لە ماوەی ساڵێکدا پێنج بۆ شەش بەڕێوەبەری گۆڕیوە، بێ ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگا ئاگادار بێت”.



بەڵام، ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو ھەوڵ و لێدوانانەی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە دژی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی دەستی پێ کردووە، تەنیا سیاسییە و بۆ پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنە، گوتیشی: “ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە کراون بەدەرە لە یاسای ئەنجومەنی پارێزگایی سلێمانی کە ئەو ئەندامەی گۆڕان باسی کردووە، ئەوەی کە کراوە لە دەسەڵاتی جێگری سەرۆکی حکوومەتدایە و پێچەوانە نییە، بە حوکمی ئەوەی ئەو بەڕێوبەرە گشتییانەی کە پێشتر بەڕێوبەری گشتی بوون خۆیان پلەی بەڕێوبەری گشتییان ھەبووە و لێیان وەرنەگیراوەتەوە ھەر بە پلەی خۆیان گواستراونەتەوە، لە دۆخێکدا دێتە ئەنجومەن کە پلەکانیان لێ وەربگیرێتەوە و بگەڕێنەوە بۆ پلەکانی پێشوویان کە فەرمانبەر بوون، لەبەرئەوە ئەوەی کراوە زۆر ئاساییە و جێگری سەرۆکی حکوومەت ئەو دەسەڵاتەی ھەیە کە ئەو گواستنەوانە ئەنجام بدات”.



سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی خستە ڕوو کە یاساکەی ئەنجومەن دەڵێت، دانان و لادانی بەڕێوبەری گشتی، قایمقام و بەڕێوبەری ناحیە و گشتی، لە ئەنجومەنی پارێزگا دەبێت لەکاتێکدا کە پلەیان نەبێ، ئەوانەشی کە دانراون بەوەکالەت دانراون و ھەمیشەیی نین، کەوابێت ھیچ شتێکی نایاسایی نەکراوە، گوتیشی: ”ئەو پۆستانە ٣٥ پۆست نین و چەند پۆستێک بوون، ھیچ پۆستێکیش ھی گۆڕان بووبێت لانەدراوە، لە کۆبوونەوەی پێشوو لە ١٩-١١-٢٠١٧، پۆستێکی گۆڕان ھەبووە کەسەکە لە ئەوروپا بووە بەبێ ئەوەی لێرەش بێت بەخشیومانە و یەکێکی دیکەی گۆڕانمان داناوە، کە خۆیان ناوێکیان ناردووە کە بەڕێوبەری گشتیی شارەوانییەکان بووە”.



ھێمای بۆ ئەوەش کرد، ئەو ھێرشەی گۆڕان دەیکات بۆ سەر یەکێتی لە سلێمانی ھیچ گومانی تیا نییە کە سیاسییە و ھەندێ کەسیش ھەیە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن و زیاتر خۆناساندن، دێن بەو شێوەیە قسە لەسەر کەسانێک لە پۆستە باڵاکانی حکوومەت و ھەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دەنگ کۆکردنەوە بۆ خۆیان.






باسنیوز
Top