وەزیرێكی بەریتانیا داوا دەكات وڵاتەكەی نێوەندگیری هەولێر و بەغدا نەكات

وەزیرێكی بەریتانیا داوا دەكات وڵاتەكەی نێوەندگیری هەولێر و بەغدا نەكات
ئەمڕۆ سێشەممە ئەلیستەر بێرت وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند وا باشترە حكوومەتی بەریتانیا هیچ نێوەندگیرییەك لە نێوان هەولێر و بەغدادا نەكات، لەبارەی چارەسەری كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی.


بێرت لەمیانی قسەكردنیدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی گوتی "بەریتانیا بە درێژایی ماوەكانی رابردوو یارمەتی هەردوولای داوە، شتێكی باشیشە ئێستە هەردوو لایەنی هەولێر و بەغدا وتوێژ ئەنجام بدەن، بەڵام بە پێویستی نازانم بەریتانیا نێوەنگیری هەرێمی كوردستان و عێراق بكات، هیچ داواكارییەكی لەم جۆرەشم لەلایەن هەردوولاوە هەست پێنەكردووە".


هەروەها گوتی "كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كێشەی ناوەخۆیین و وا باشترە هەردوولا خۆیان كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن، پێویستە ئەم كارە دووبارە نەكەینەوە كە پێشتر لە هەرێمی كشمیر ئەنجاممان دا".


ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی بەریتانیا دانیشتنێكی تایبەت بە گفتوگۆ لەبارەی دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكانی لەلایەن حكوومەتی بەغدا ئەنجام دا.
bas news-
Top